كوردپا: لە گوندی "دزڵی"ی سەر بە شاری سەوڵاو و دەورووبەری كۆمەڵێك خەڵك بە شێوەیەكی نایاسایی دەستیان داوەتە راوی ئاژەڵ و باڵندە كێوییەكان.
بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا لە مەریوان، ماوەیەكە كۆمەڵێك كەس لە شاخەكانی "سوورێن"ی دزڵی هەتا "كۆساڵان" دەستیان كردووە بە راوی نایاسایی ئاژەڵ و باڵندە كێوییەكان.
هەواڵنێری كوردپا راشیگەیاندووە، بە وتەی شایەتحاڵان لە كاتێكدا ئەو كەسانە لەو شاخانە خەریكی راون كە حكوومەتی ئیسلامیی ئێران ئەو ناوچانەی بە "ناوچەی نیزامی" راگەیاندووە و وتوویەتی:"كەس بۆی نیە سەردانی ئەو شاخانە بكات".
بە وتەی دانیشتوانی ناوچەكە ئەو كەسانەی كە خەریكی راوی ئاژەڵانن كەسانی چەكدارن و خەڵكیش بەو كارە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە، بەڵام كەس گوێلەو ئیعترازەی خەڵك نەگرتووە و راوی ئاژەڵانیش بەردەوامە.
حەفتەی پێشوو لە ناوچەكانی "تەرگەوەڕ" و "مەرگەوەڕ" لە شاری ورمێحاڵەتی لەو چەشنە رووی دا و رێژەیەكی زۆر ئاژەڵ و باڵندەی كێوی راو كران.





