كوردپا: هاووڵاتیی كوردی خەڵكی شاری ماکۆ لەلایەن دادگای شۆڕشی حكومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە تاوانی "هاوكاری لەگەڵ گرووپە دژبەرەكانی نیزام و هەوڵدان بەدژی تەناهی نەتەوەیی" بە یەك ساڵ زیندانیی هەڵپەسێراو و یەك ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحكوم كراوە.
بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا لە خۆی، ئیسماعیل ئەرسن كوڕی یووسف و خەڵكی گوندی "زەلكەی خواروو"ی سەر بە ماكۆ، بە پشت بەستن بە مادەی 610ی یاسای سزادانی ئیسلامی لەلایەن دادگای شۆڕشی خۆیەوە بە دوو ساڵ زیندانیی تەعزیری حوكم دراوە و بەپێی مادەی 25ی یاسای سزادان، یەك ساڵ لەو حوكمەیان بۆ ماوەی 4 ساڵ بە حاڵەتی هەڵپەسێران پێداوە.
ئیسماعیل ئەرسن پێشتریش ماوەیەك بە هەمان تاوان دەستبەسەر كراوە.