٣١ی خەرمانانی ١٤٠٥؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی پێنج ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی حیسام عەبدینیا، هاوڵاتیی خەڵکی گوندی «گازرخانی» و دانیشتووی کامێران، ناوبراو هێشتا لە دەسبەسەریی کاتیدایە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم هاوڵاتییە کوردە هاوكات لەگەڵ مانگرتنی بازاڕییانی کوردستان لە چوارەمین ساڵیادی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی لە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی خەرمانانی ١٤٠٥ لەگەڵ هاوسەرەکەی ئارەزوو دەشتی بەبێ بەڵگەی یاسایی لە ماڵی خۆیاندا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کران و ئارەزوو دەشتی ڕۆژێک دوای دەسبەسەرکرانی ئازاد کرا.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە زیادی کرد: تا ئێستا حیسام عەبدینیا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە و بە شێوەیەکی ناڕوون لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە کامێران ڕاگیراوە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەسبەسەرکردنی ئەم هاوڵاتییە کوردە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش لەمباریەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.





