۲۸ی خەرمانانی ۱۴۰۵؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی ۱۱ ڕۆژ لە دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی «سیروان حەبیبی»، هاووڵاتیی خەڵکی «کامێران» و ئەندامی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە و ناوبراو لە مافی هەبوونی پارێزەر، دیدار و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند؛ «سیروان حەبیبی»، خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی کامێران و ئەندامی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، کاتژمێر ۱ی بەربەیانیی ۱۸ی خەرمانانی ۱۴۰۵ لە شارۆچکەی بێعسەتی کامێران، لە کاتێکدا سواری ماتۆڕ بووە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کە بە ماشینەکەیان بەئەنقەست خۆیان پێدا کێشاوە، بەسەختی بریندار کراوە و پاشان بە شێوەیەکی توندوتیژانە دەسبەسەر کراوە.
به وتەی ئەم سەرچاوەیە، خەڵک کە پێیان وابوو ئەم ڕووداوە پێکدادانێکی ئاساییە، لە شوێنەکە کۆبوونەوە، بەڵام هێزە ئەمنییەکان بۆ بڵاوەپێکردنی خەڵکەکە دەستیان بە تەقەی ئاسمانی کردووە و بڵاوەیان پێکردوون.
ئەم سەرچاوەیە هەروەها وتی؛ بە تێپەڕبوونی ۱۱ ڕۆژ، سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەی، هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی «سیروان حەبیبی» لەبەر دەستدا نییە و ناوبراو لە مافی هەبوونی پارێزەر، دیدار و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە. بەپێی ئەوەی کە ناوبراو لە کاتی دەسبەسەرکردنیدا بریندار بووە، نیگەرانیی بنەماڵەکەی سەبارەت بە دەستڕانەگەشتنی بە خزمەتگوزاریی پزیشکی، دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر ئازار و ئەشکەنجەدا و بارودۆخی جەستەیی، زۆر جیددی و توندە.
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)یش ڕۆژی دووشەممە ۲۳ی خەرمانانی ۱۴۰۵ بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایگەیاندووە کە «سیروان حەبیبی»، ئەندامی ئەم پارتە، لە کاتی ئەرکێکی ڕێکخستنیدا و لەکاتێکدا هیچ چەکێکی پێ نەبووە، لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کراوە و ئەم پارتە لە چارەنووسی ناوبراو بێئاگایە.





