٢٧ی خەرمانانی ١٤٠٥؛ بە دەسبەسەرکردنی "خالق حەقیقەتخا"، هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ، ژمارەی دەسبەسەرکراوانی ئەو شارە لە ماوەی دوو ڕۆژدا گەیشتە ٧ کەس. کوردپا پێشتر هەواڵی دەسبەسەرکرانی "ئەحمەد حاجیپوور"، «ڕەحیم ئەرشەدی»، «سۆران بایزیدی»، «فەخرەدین ئیبراهیمی» و «ڕەزا ڕەشیدنیا» و "عەبدولباست باپیری"ی بڵاو کردبوویەوە. ئەم هاووڵاتییانە سەرەڕای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژ، لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پێوەندیی تلفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەری کراون و سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی خەرمانانی ١٤٠٥، "خالق حەقیقەتخا"، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "سیاوان" سەر بە ناوچەی دەستەبێلی شنۆ، لەلایەن یزە ئەنییەتییەکانەوە و بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە توندوتیژییەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوینێکی نادیار ڕاگوێزرا و سەرەڕای تێپەڕبوونی چوار ڕۆژ، سەبارەت بە چارەنووسی هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
هەر لەم پێوەندییەدا، سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی خەرمانانی ١٤٠٥، پێنج هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ بە ناوەکانی «ڕەحیم ئەرشەدی»، «سۆران بایزیدی»، «فەخرەدین ئەیووبی»، «ڕەزا ڕەشیدنیا» و «عەبدولباست باپیری»، خەڵکی گوندی «کانیسپی» سەر بە ناوچەی دەشتەبێڵی شنۆ، بە هێرشی هێزە ئەمنییەتییە لباس شەخسییەکان بۆ سەر ماڵەکانیان، بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە شێوەیەکی توندوتیژانە، لەگەڵ سووکایەتی و لێدانی سەخت، دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە.
هەروەها، ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٥، «ئەحمەد حاجیپوور»، هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە، بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە شێوەیەکی توندوتیژانە دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە کوردانە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەتییەکانیش لەم بوارەدا هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە. هەروەها، ئەم هاووڵاتییانە بە تێپەڕبوونی چەند ڕۆژ لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کراون و لە چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.




