محەممەد وەتمانی، لاوی خەڵکی مەهاباد، دوای ٢٩ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ئەو شارە ئازاد کرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ کوردپا؛ ئەم لاوە کوردە دوای تەواوبوونی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە لە گرتنگەیەکی ئەمنییەتییەوە بۆ بەندیخانەی مەهاباد گوازراوەتەوە و لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە.

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٨ی گەلاوێژی ١٤٠٥، هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات، بەبێ پێشکەشکردنی بەڵگەی دادوەری، ئەم هاووڵاتییە کوردەیان لە یەکێک لە شەقامەکانی مەهاباد دەسبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی ناڕوونیان گواستەوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتە ئاراستەکراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە کوردە لەبەر دەستدا نییە.