ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی گەلاوێژ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ئامانج حەمزە لوویی" خەڵکی شاری بۆکان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکان دەسبەسەر کراوە.
دەسبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە کوردە، بەبێ بەڵگەی قەزایی بووە و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کراوە.
هێزە ئەمنییەتییەکان بەهۆی "چالاکیی مەزەهەبی" ئەو هاووڵاتییە "بۆکانیـ"ـیەیان دەسبەسەر کردبوو.
یەکێک لە چالاکانی سوننی مەزهەب سەبارەت بە شەپۆلی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان بەهۆکاری مەزهەبی و عەقیدەتی لە شاری بۆکان بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا ڕایگەیاند: "ئەو دەسبەسەرکرانە بەربڵاوانە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی سپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعاتی ئەنجام دراوە".
ئەو چالاکە سوننی مەزهەبییە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ڕایگەیاند: "تۆمەتیوەپاڵدراو ی ئەو هاووڵاتییە، چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بانگەشە بۆ پرسی عەقیدەتی سوننی مەزهەب بووە."
لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی گەلاوێژ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ئیسماعیل عەلی پەروەری" خەڵکی بۆکان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.





