ڕۆژی چوارشەممە ١ی گەلاوێژ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "هادی عەلی پوور" تەمەن ٣٥ ساڵ خەڵکی گوندی "سونەتە"ی ناوچەی تیلەکۆی سەقز لە گوندی "ئێرانشا"، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو هاووڵاتییە کوردەیان بەبێ بەڵگەی یاسایی و لە کاتی کار و کاسبیدا دەسبەسەر کردووە و دواتر هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە و ماڵەکەیان پشکنیوە.
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە چەندین جار بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی، سەردانی ناوەندە ئەمنییەتییەکانیان لە سەقز کردووە، بەڵام وڵامێکی ڕوونیان لەو پەیوەندییەدا وەرنەگرتووە.
هەتا کاتی بڵابوونەوەی ئەم هەواڵە لە هۆکاری دەسبەسەرکردنی "هادی عەلی پوور" هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.





