ئاژانسی کوردپا: کچە مامۆستایەکی دەسبەسەرکراوی زمانی کوردی، پاش ٥٨ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی، هێشتا چارەنووسی ناڕوونە.

"زارا محەممەدی"، خەڵکی شاری سنە و مامۆستای زمانی کوردییە و پاش ٥٨ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتەوە، هێشتا چارەنووسی ناڕوونە.

"زارا محەممەدی"، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢ی جۆزەردان، لەگەڵ دوو چالاکی مەدەنیی کورد بە ناوەکانی "ئیدریس مینبەری و ڕێبوار مینبەری"، خەڵکی شاری سنە، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

سەرەڕای تێپەڕانی ٥٨ ڕۆژ، ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی "نۆژین"، هێشتا چارەنووسی ناڕوونە و لە زیندانی سنەدایە.

پێشتریش، بنەماڵەی ئەو مامۆستایەی زمانی کوردی، لە بەیاننامەیەکدا پێداگرییان لەسەر بێتاوانیی "زارا محەممەدی" کردبوو و ڕایانگەیاندبوو کە "هێشتا هۆکاری گیران و هەروەها چ چارەنووسێک لە چاوەڕوانیی ناوبراودایە، ڕانەگەیەندراوە".

هەروەها ماوەیەکی پێش، خوشکی "زارا محەممەدی"، لە فەیسبووکی کەسیی خۆیدا، نووسیبووی: "دەسبەسەرکردنی نایاسایی و بێ پاساو، ٤٠ ڕۆژە کە بۆ زارا و بنەماڵەکەی، هەر کات و هەر کاتژمێرێکی، پڕ لە ڕەنج و چاوەڕانییە".

ڕۆژی یەکشەممە، ٥ی جۆزەردان، دوو چالاکی مەدەنیی کورد بە ناوەکانی "ئیدریس مینبەری و ڕێبوار مینبەری"، خەڵکی سنە و ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی نۆژین، ئازاد کران و "زارا محەمەدی"، ئەندامی ‌تری دەسبەسەرکراوی ئەم ئەنجومەنە، هێشتا لە گرتنگەدایە.