ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنی و سیاسیی کورد، لە دەروازەی چوونە ژوورەوەی شاری کرماشاندا، لە لایەن لیباس شەخسییەکانەوە، لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوەیان لێکرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ماشینی ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنی و سیاسیی کورد، لە دەروازەی چوونە ژوورەوەی شاری کرماشاندا، بۆ ماوەی کاتژمێرێک لە لایەن لیباس شەخسییەکانی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتەوە، پێشی پێ گیراوە و هێزە لیباس شەخسییەکانیش لێپرسینەوەیان لێ کردوون.

"هیوا محەمەدی"، "ئیجلال قەوامی"، "تاهیر سەنەندەجی"، "سەباح ڕەحیمی"، "ئێقباڵ مواردی" و "فەرهاد باغەبانی"، لەو چالاکە مەدەنی و سیاسییە کوردە بوون کە لێپرسینەوەیان لێکراوە. ئەم چالاکانە، سەفەرەکەی خۆیان بە نیوەچڵی هێشتەوە و گەڕاونەتەوە شاری سنە.

بە وتەی یەکێک لە چالاکانی مەدەنی، هێزە لیباس شەخسییەکان بۆ پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی ڕێوەڕەسمی ئەنجومەنی پەرەپێدان و پێشکەوتن، پێشیان بە چالاکانی مەدەنی لە دەروازەی چوونە ژوورەوەی شاری کرماشاندا گرت.

هەروەها هێزە لیباس شەخسییەکان بە چالاکانی مەدەنییان ڕاگەیاندووە کە هەرچی زووتر شاری کرماشان بەجێ بهێڵن و بە شوێن ئاژاوەوە نەبن.