ئاژانسی كوردپا: هێزێكی نوێ‌بە كاركردی نوێیەوە لەناو پۆلیسی حكوومەتی ئیسلامیی ئێراندا، ژمارەیەك كەرەسە و كەلوپەلی دژە شۆڕش و هەروەها تواناییەكانی خۆی نمایش كرد.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رێكەوتی ١٦‌ی رەزبەر گاردی تایبەتی هێزی ئینتزامیی بە نمایش كردنی كەرەسەی تایبەت و شێوازی نوێی راهێنان، ئامادەی خۆی بۆ كۆنترۆڵ كردنی كۆبوونەوە نائاساییەكان دەربڕی.

حەسەن كەرەمی فەرماندەی ئەو گاردە تایبەتییە وتوویەتی: سەرجەم ئەو كەرەسانە بە مەبەستی دۆخی نائاسایی لەكۆمەڵگا و جۆری هەڕەشەكان دروست كراون.

گاردی تایبەتی بەشێكە لەهێزی ئینتزامی و بەپێی ئایین‌نامەی ناوخۆیی ئەو ناوەندە، ئەركی كۆنترۆڵ كردنی كۆبوونەوە و سەركوتكردنی هەر چەشنە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانێكی لە ئەستۆیە.

حەسەن كەرەمی باسی لەناردنی ئەو كەلوپەلانە بۆ وڵاتانی ناوچە كردووە و وتوویەتی: چەكەكان بە مەبەستی بەرگریی لەناو شارەكان و هەروەها شەڕی دەستەویەخە بەكار دێن.

پێشتریش هێزێكی دیكە کە بە " اسب سوار"‌ ناسرابوون بە مەبەستی پێشگری لە سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەكان دەستی بەكار كردبوو.

راگەیاندنی ئەو هێزە تایبەتییە لەحاڵێكدایە كە لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا و بەتایبەت لە هەڵبژاردنەكانی ٨٨‌دا، شەقام و شوێنەگشتییەكانی ئێران بۆتە جێگای دەربڕینی ناڕەزایەتی و پێكهێنانی كۆبوونەوە.

دكتور ئاسف بەیات مامۆستای كۆمەڵناسی لەزانكۆی ئیلینویز‌ی ئەمریكا لەو باوەڕەدایە، ناڕەزایەتییەكانی سەرشەقام ( كاتی و خۆرسك) لە ئەنجامی نەبوونی حیزبی سیاسیی و بەڕێوەبردنی سیاسەتی سەركوتكەرانەی دەسەڵات سەر هەڵدەدەن.

ئاسف باسی لەوەش كردبوو، شەقامەكان سەرەڕای ئەوەی شوێنێكن بۆ دەبڕینی ناڕەزایەتی، لەهەمان كاتیشدا دەكرێ‌وەكوو شوێنێكی شوناسخوازی سەیری بكرێ‌.