ئاژانسی کوردپا: لەشاری کرماشان کۆنسێرتێکی دوو رۆژە بۆ شارام نازری هونەرمەندی ناسراو و ناوداری کورد پێکهات.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژانی پێنجشەممە و هەینی رێکەوتی ١ و ٢‌ی جۆزەردان و بە بەشداریی هەزاران کەس لە هۆڵی وەرزشیی شاری کرماشان مامۆستا شارام نازری کۆنسێرتێکی مۆسیقا و گۆرانی، بەڕێوە برد.

ئەو هونەرمەندە کوردە دوایین کونسێرتی لەکرماشان دە ساڵ لەمەوبەر بووە و لەدەسپێکی کۆنسێرتەکەدا گوتوویەتی: من بە بەردەوامی هەوڵم داوە کە لەشاری کرماشان کۆنسێرت بەڕێوە ببەم، بەڵام کێشە و رێگرییەکان ئیزنیان بە من نەداوە ئەو کارە بکەم".

شارام نازری کە بە "شوالیەی ئاوازی" ناسراوە لەدەسپێکی کۆنسێرتەکەدا باسی لە فەرهەنگ، نەریت و کەلەپووری ناوچەی کرماشان کردووە و هەروەها داخ و پەژارەی خۆی بۆ کۆچی دوایی عەباس کەمەندی، دەربڕیوە.

"شوالیەی ئاواز" لەدرێژەی قسەکانیدا رایگەیاندووە:" هیوادارم کەش و هەوای هونەریی لە ئێران کرانەوە بە خۆیەوە ببینێ‌و دۆخی هونەر بەرەو باشتر بوون بڕوات".

هەواڵنێری ئاژانسی کوردپا لەشاری کرماشانەوە رایگەیاند، مامۆستا نازری بە چڕینی گۆرانیی " کوردستان گەر تۆ نەبی گەنجی شاهیم بۆ چییە" جۆش و خرۆشێکی تایبەتی خستە ناو دڵی هەواداران و خەڵکی کرماشانەوە".

ئەو هونەرمەندە پێشتر ئاشکرای کردبوو، هەوڵ دەدەم چالاکییەکانم لەکوردستان چڕتر و بەربڵاوتر بکەمەوە.

بەڕێوە بردنی کۆنسێرت بۆ پشتیوانی لە "ئەنجومەنی پشتگیری لە نەخۆشییە شێرپەنجەییەکانی ئوستانی کوردستان"، تێچووی چارەسەریی کچە قوتابیانی شیناوێ‌و نەخۆشەکانی گوندی بەسرێی مەهاباد و چەندین کاری هونەریی دیکە بەشێک لە چالاکییەکانی شارام نازری لەساڵی ١٣٩٢‌دا بووە.

کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی کانوونی پارێزەرانی ئوستانەکانی کرماشان و ئیلام بەمەبەستی رێزگرتن لەشارام نازری دووەمین خەڵاتی " تندیس مهر"‌ی ساڵی ١٣٩٢‌ی پێشکەش بەو هونەرمەندە کرماشانییە کردبوو.

رێوڕەسمی بەخشینی ئەو خەڵاتەبە مەبەستی رێزگرتن لەکار و بەرهەمە مافی مرۆڤییەکانی شارام نازری رێکەوتی ١٠ی رێبەندانی ساڵی ٩٢ لەشاری کرماشان بەڕێوە چووبوو.

شارام نازری ساڵی ١٣٢٨ لەشاری کرماشان لەدایک بووە و بە حوکمی ئەوەی کە بنەماڵەکەی لایەنگری هونەر بوون هەر لە سەردەمی منداڵیدا، دایکی لەگەڵ شێعر و ئاواز ئاشنای کردووە.

نازری لە تەمەنی ٩ ساڵیدا یەکەم بەرنامەی خۆی لە رادیۆی کرماشان بەڕێوە بردووە و لە تەمەنی ١١ ساڵیشدا لە رادیۆ و تەلەویزیونی ئێران چەند گۆرانییەکی چڕیوە.

مامۆستا شارام نازری لە زۆربەی بەرهەمەکانیدا کەڵکی لە شێعرەکانی مەولانا وەرگرتووە و گۆرانییەکانی تێکەڵاوێکە لە سەبکی شۆڕشگێڕی و عێرفانی.

وێنە: فواد گوده‌رزی