حەفتەی دووهەمی مانگی خاکەلێوەی ١٣٩٣ی هەتاوی
ئاژانسی کوردپا: راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور،٣حاڵەتی پێشێلکردنی مافی ژنان لە کوردستان کە بریتییە لە خۆکوژی ژنێکی لاو لە دیواندەرەو حوکمی دوو ساڵ زیندانی تەعلیقی بۆ ئەفسانە بایزیدی و بانگهێشتکرانی چالاکی ژن بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەڵماس و دەستبەسەر کدنی دوو خۆشکی بەهایی بە مەبستی جێبەجێکردنی حوکمەکەیان و بانگهێشتکرانی نەسیرن ستوودە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی دێزفول لە خۆ دەگرێت.
"بەرموور" بە شێوەی دیاریکراو دەپرژێتە سەر بابەت و مەسەلەکانی ژنان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە ناوچەکانی دیکەی ئێران دەخرێنە پەراوێزەوە، بۆیە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا هەوڵ ئەدات بەپێی ئیمکان، گرینگی بە سەرجەم ناوچەکانی دیکەی ئێرانیش بدات.
کوردستـــــــــــان
دەرکردنی حوکمی زیندان و بانگهێشتکرانی چالاکانی ژن لە کوردستان
لە ماوەی حەفتەی رابردوودا ئەفسانە بایزیدی چالاکی خویندکاری کورد لە لایەن دادگاەوە حوکمی زیندانی بۆ بڕایەوە و یەکێک لە چالاکانی ژنی کورد لە سەڵماس بانگهێشتی دادگا کرا.

بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، ئەفسانە بایزیدی تەمەن ٢٨ ساڵ، کچی ئەبووبەکر و خوێندکاری زانکۆی پەیامنووری شاری بۆکان، بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، حوکمی ٢ ساڵ زیندانیی تەعلیقی بۆ بڕایەوە.
ئەو کچە خوێندکارە کوردە، رێکەوتی ٢٥ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٢ هاوڕێ لەگەڵ براکەی بەناوی شاهۆ بایزیدی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لە ماڵی خۆیاندا دەستبەسەر و پاش ٢٣ رۆژ راگیران لە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆکان، بە دانانی ١٠٠ میلیۆن تمەن بارمتە ئازاد کرا.
لە لایەکی دیکە، رۆژی ٦ی خاکەلێوە، لوقمان ئەحمەدی کوڕی حیفزوڵڵا، هاوڕێ لەگەڵ هاوسەرەکەی بەناوی مەهین خەڵکی گوندی "لیلووس"ی سەربە شاری سەڵماس، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کرا و بەرەوڕووی لێپرسینەوە و هەڕەشەی مەئموورانی ئەو ئیدارەیەوە بوویەوە.
ئەو ژن مێردە کوردە رێکەوتی ٦ی خاکەلێوەی ئەمساڵ پاش ئەوەی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بانگهێشت کراون و خۆیان بەو ئیدارەیە ناساند، بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان لێپرسینەوەیان لێکراوە.
دەگوترێت، لوقمان ئەحمەدی و هاوسەرەکەی مەهین هەتا ئێستا چەندین جار بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان بانگهێشتی ناوەندە ئەمنییەکان کراون و بەرەوڕووی لێپێچینەوە بوونەتەوە.
ژنێکی لاو لە دیواندەرە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا
لە ماوەی حەفتەی رابردوودا ژنێکی لاوی خەڵکی دیواندەرە دەستی دایە خۆکوژی و بەو هۆیەوە گیانی لە دەست دا.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، نیوەشەوی ٧ی خاکەلێوە ژنێک بەناوی شەرمین قودرەتی، لە گوندی گوڵانە"ی سەربە شاری دیواندەرە ئاگری لەجەستەی خۆی بەردا و پاش گەیشتن بە نەخۆشخانەی شاری دیواندەرە، بەهۆی کاریگەریی سووتانەکەیەوە، گیانی لەدەست دا.
هەواڵنێری کوردپا لە شاری دیواندەرە رایگەیاند؛ شەرمین قودرەتی، کە ساڵێک پێش ئیستا ژیانی هاوبەشی پێکهێنابوو، دایکی منداڵێکی تەمەن ٢ مانگەش بووە.
یەکێک لە دانیشتوانی گوندی گوڵانە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، گوندی گوڵانە کە زیاتر لە ١٥٠ بنەماڵەی تێدا نیشتەجێن و نزیک بە ١٠٠٠ کەس حەشیمەتی هەیە، لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا لەم گوندە ٨ ژن و کچ هەوڵی خۆکوژییان داوە، کە ٤ کەسیان بەو هۆیەوە گیانیان لەدەست داوە، کە پێشتر هیچ جۆرە حاڵەتێکی خۆکوژی یان هەوڵی خۆکوشتن لەم گوندە رووی نەداوە.
بەپێی ئەو ئامارانەی کەلە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا تۆمار کراون، لە سەرەتای ئەمساڵ(١٣٩٣ی هەتاوی)یەوە، ٣ ژن و کچی کورد لە ناوچە کوردنشێنەکانی ئیران دەستیان داوەتە خۆکوژی کە دوو کەسیان گیانیان لە دەست داوە.
ئێران
حوکمی زیندانی دوو خۆشکی بەهایی بەڕێوەچوو
لە ماوەی حەفتەی رابردوودا دوو خۆشکی بەهایی دانیشتووی شاری مەشهەد دوای ئەوەی لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپا، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر و رەوانەی زیندان کران.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، سەر لەبەیانیی رۆژی شەممە رێکەوتی ١٠ی خاکەلێوە، هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی لە شاری مەشهەد چوونەتە ماڵی یەکێک لە هاوڵاتیانی بەهایی ئەو شارە بە ناوی "نەوا خلوسی" و دەستبەسەریان کردووە.
هەمان رۆژ، هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات "نیکا خلوسی"، خۆشکی ئەو هاوڵاتییە بەهاییەیان لە حاڵێکدا کە ناوبراو لەگەڵ باوک و دایکی، کە بۆ سەیران چووبووە شاری "بابولسەر"، دەستبەسەر کرد.
پەروەندەی نیکا و نەوا خلوسی، دوو هاووڵاتیی پەیڕەوی ئایینی بەهایی و دانیشتووی شاری مەشهەد، کە لە ٢٣ی بانەمەڕی ئەمساڵدا لەلایەن لقی ٣ی دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە بەدادوەریی سوڵتانی بە تاوانی "ئەندامەتی لە گروپ و رێکخراوی نایاسایی مەزهەبی بەهایی" و" تەبلیغ بۆ مەزهەبی بەهایی و بە دژی نیزامی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران"، بە ١٠ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوون، بە مەبەستی پێداچوونەوە رەوانەی لقی ٢٠ی دادگای پێداچوونەوەی خۆراسانی رەزەوی کرا، کە ئەو حوکمە وەکوو خۆی پشتراست کرایەوە.
بەپێی ئەو حوکمە نیکا خلوسی بە ٦ ساڵ و نەوا خلوسی بە ٤ ساڵ و نیو زیندانیی تەعزیری مەحکووم کراوون.
نەسرین ستوودە بانگهێشتی ئیتلاعات کرا
نەسرین ستوودە پارێزەر لە دادگاکانی ئێران، کە ماوەیەک پێش ئیستا لە زیندان ئازاد کراوە، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری دێزفول کرا.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی شەممە ١٠ی خاکەلێوە، نەسرین ستوودە لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی شاری دێزفول لە ئوستانی خوزستان، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کرا.
رەزا خەندان هاوسەری نەسرین ستوودە لەو بارەیەوە لە سەر لاپەڕەی تایبەتی فەیسبوکی خۆی نوسیویەتی: " ل گەڵ منداڵەکانم بۆ سەفەرێکی دو رۆژە سەردانی ئوستانی خوزستانمان کردووە. چەند خولەک بەر لە ئێستا لە بازاڕی شاری دێزفول خەریکی کڕینی شت و مەک بووین کەلە ئیتلاعاتی ئەو شارەوە پەیوەندیمان پێکراو نەسرین و لەگەڵ کەسی خانەخوێمانیان بە شێوەیەکی نایاسایی و دوور لە رەوشتی مرۆڤانە بانگهێشت کرد. بەوانیان راگەیاندووە کە هەتا ١ کاتژمێرێکی دیکە خۆیان بەو ناوەندە بناسێنن.
ناوبرا مانگی خەرمانانی ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوی، لەلایەن لقی ٥٤ی دادگای پێداچوونەوەی ئوستانی تاران بەتاوانی تەبلیغات بەدژی نیزام، حوکمی ٦ ساڵ زیندانی تەعزیری و ١٠ ساڵ بێبەری بوون لە پیشەی پارێزەریی، بۆ بڕایەوە.
نەسرین ستوودە پارێزەری زیندانی کراو، و ئەندامی ناوەندی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٧ی خەرمانان لە زیندان ئازاد کرا.
سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ( ٣ حاڵەت)
ماڵپەڕی هێرانا (٢ حاڵەت)
ماڵپەڕی "جەرەس" ( ١ حاڵەت)





