ئاژانسی کوردپا: خوسرەو کوردپوور، رۆژنامەنووس و بەرپرسی ئاژانسی هەواڵدەریی موکریان، لە زیندانی شاری مەهابادەوە بۆ زیندانی تەورێز دوور خرایەوە.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی سیشەممە رێکەوتی ٢٧ی رەشەمە، خوسرەو کوردپوور پاش ١ سال و ١٠ رۆژ دەستبەسەری بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی، بۆ زیندانی تەورێز دوورخرایەوە.

جەعفەر کوردپوور برای ئەو رۆژنامەنووسە کوردە، لە لاپەڕەی شەخسیی خۆی لە فەیسبووک بڵاوی کردۆتەوە، بەداخەوە لەبەرەبەری نەورۆز و ساڵی نوێدا، خوسرەو بۆ زیندانی تەورێز دوور خراوەتەوە.
هەروەها دەگوترێت، کە خوسرەو کوردپوور بەبێ ئەوەی پێشتر ئاگادار بکرێتەوە، بانگهێشتی ئەفسەر نیگابانی کراوە و لەلایەن مەئموورانی ئەمنییەتییەوە تەنانەت بەبێ ئەوەی ئیزنی کۆکردنەوەی کەلوپەلەکانیشی پێ بدرێت، بۆ زیندانی تەورێز راگوێزراوە.
مەسعوود و خوسرەو کوردپوور، کە رێکەوتی ١٧ و ١٩ی رەشەمەی ساڵی ١٣٩١ لە شاری مەهاباد دەستبەسەر کران، پاش زیاتر لە ٨ مانگ راگیران لە زیندان و سێ جار دادگایی کران، لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری مەهابادەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر "جەوادی کیا" سەرجەم بە ٩ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیی تەعزیری حوکم دراون.





