ئاژانسی کوردپا: ئەنجومەنی ئەدەبیی بۆکان بە بۆنەی ساڵیادی کۆچی دوایی مامۆستای زمان و ئەدەبی کوردی عەبدولڕەحمانی شەرەفکەندی (هەژار) ئێوارێ کۆڕێکی چیرۆک خوێندنەوەی بەڕێوە برد.
بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لەشاری بۆکان، ئەو ئێوارێچیرۆکە لە هۆڵی ئامفی تیاتری کتێبخانەی گشتیی پارکی میللەت و لەلایەن ئەنجومەنی ئەدەبی بۆکانەوە پێکهاتبوو، کە تێیدا ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەدیبان و شارەزایانی بواری ئەدەبی کوردی لە شارەکانی مەهاباد، سەقز، بانە، سنە، بۆکان و دیواندەرەوە بەشدار بوون.
هەواڵنێری کوردپا رایگەیاند، لەسەرەتای کۆڕەکەدا پەیامی ئەنجومەنەکە لەلایەن دکتور "حوسێن میکاییلی"یەوە خوێندرایەوە و دواتر لەلایەن بەڕێوەبەرانەوە داوا لە شاعیران و چیرۆکنووسان کرا کە بەرهەمەکانی خۆیان پێشکەش بکەن.
کۆڕەکە لە دوو پانێڵ پێکهاتبوو، کە لەپانێڵی یەکەمدا ئەو بەرهەمانە پێشکەش کران:
ـ ئازاد عەزیزی، فریوە پاکەکانی دایکم
ـ پڕشەنگ تاعەتی
ـ ئەمین گەردیگلانی، سوێند
ـ ئەنوەر عەرەب، ئێوارێی پیاوێک
ـ چنار بوداغی، پێت بڵێم چۆن نووسراوم
ـ ئیسماعیل سەعیدی، هیدایەت
ـ خالید خاکی، بێدەنگی هەرە دەنگ
ـ زیلان رەحیمی، کەشکە نەقول
ـ سەدیق رەسووڵی، وڵاتی سەگ
هەواڵنێری کوردپا لەدرێژەی راپۆرتەکەیدا ئەوەشی خستەڕوو، لەکۆتایی پانێڵی یەکەمدا لێژنەیەکی زانستی بەرهەمەکانیان تاوتوێکرد کە بریتیی بوو لەتایبەتمەندییەکانی چیرۆکی کوردی بە گشتی و چیرۆکی کوردستانی ئێران بە تایبەت کە لە لایەن "حوسێن شێربەگی"یەوە تاوتوێ کرا.
پاشان قۆناغبەندیی چیرۆکی کوردی لە کوردستانی ئێران لەلایەن "بریا کاکەسووری"یەوە باسی لێوە کرا و خەسارناسیی چیرۆکی کوردی و نەبوونی کەسایەتی لە چیرۆکی کوردی دا لەلایەن رەحیم عەبدووڵرەحیم زادەوە هاتە بەرباس و هەروەها زمانی مێژوویی و نەبوونی رەوایەتی مێژوویی لەلایەن "ئەمجەد غوڵامی"یەوە تاوتوێکرا.
پانێڵی دووهەم بەم شێوەیە بوو:
ـ سولەیمان ئیبراهیم زادە
ـ شەپۆل مەجید پوور، وڵاتەکان
ـ سولەیمان عەبدوولرەحیم زادە
ـ هێمن عەبدوڵڵاپوور، حەوت لە حەوت گیان کەم
ـ عەزیمە فەتاحی، ترێ رەش
ـ فریا یۆنسی، ئەو
ـ فاتح شانوسخە
ـ گەلاوێژ ئەحمەدی، پلیکان
ـ کەریم رەحیمی، تەڵاق
ـ تاهیر حامیدی، تەشەنا
٦٠ چیرۆک لەلایەن نووسەرانی کوردەوە بە دەستی بەڕێوەبەرانی کۆڕەکە گەیشتبوو و لەکۆی چیرۆکەکان، ١٨ چیرۆک لەلایەن لێژنەی هەڵسەنگاندنەوە، بە مەبەستی وەرگرتنی خەڵات دەستنیشان کران.










