حەفتەی چوارمی مانگی رێبەندانی ١٣٩٢ی هەتاوی

ئاژانسی کوردپا: راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور دەپرژێتە سەر ٢ حاڵەت پێشێلکردنی مافی ژنان لە کوردستان و ١ حاڵەتی پێشێلکردنی مافی ژنان لە شوێنەکانی دیکەی ئێران.

"بەرموور" بە شێوەی دیاریکراو دەپرژێتە سەر بابەت و مەسەلەکانی ژنان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە ناوچەکانی دیکەی ئێران دەخرێنە پەراوێزەوە، بۆیە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا هەوڵ ئەدات بەپێی ئیمکان، گرینگی بە سەرجەم ناوچەکانی دیکەی ئێرانیش بدات.

راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور،٢ حاڵەتی پێشێلکردنی مافی ژنان لە کوردستان کە بریتییە لە خۆکوژی ٢ ژنی کورد لە شاری سەردەشت و ١ حاڵەت پێشێلکردنی مافی چالاکانی ژن لە شوێنەکانی دیکەی ئێراندا کە بریتیە لە ئازادبوونی فاتیمە موسەننا بە دانانی بارمتە لەخۆ دەگرێت.

کوردستـــــــــــان

خۆکوژیی ٢ ژنی کورد لە شاری سەردەشت

لە ماوەی حەفتەی رابردوودا و لە درێژەی رەوتی خۆکوژیی ژنان لە شاری سەردەشت، ژنێک و کچێکی لاو دەستیان دایە خۆکوژی و لە ئاکامدا گیانیان لە دەست دا.

بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٠ی رێبەندان کێچیکی کوردی تەمەن ١٩ ساڵ بە ناوی "مەستانە رەشیدی تەڵەب" لە رێگەی خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

ناوبراو خوێندکاری قۆناغی دواناوەندی و کچی "رەحمان" بووە کە شەوی یەکشەممە رێکەوتی ٢٠ی رێبەندان هەوڵی خۆکوژی دابوو.

لەلایەکی دیکەوە، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٢٢ی رێبەندان، کچێکی لاو بە ناوی "رازاوە ئیرانبار" و تەمەن ١٨ ساڵ وکچی "ئەحمەد" کە ماوەیەک بەر لە ئێستا بە هۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردابوو، گیانی لە دەست دا.

ناوبراو پاش چەندین رۆژ بەربەرەکانێ لەگەڵ مەرگ، سەرئەنجام رۆژی ٢٢ی ریبەندان لە یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری "تەورێز" گیانی لە دەست دا.
ئەو کچە لاوە کە بەهاری ئەمساڵ ژیانی هاوبەشی پێک هێنابوو، رۆژی سێشەممە بە هۆی قووڵیی برینەکانیەوە، کە (٧٥%)ی جەستەی تووشی سووتان هاتبوو، گیانی لەدەست دا.

ئێــــــــــران

فاتمە موسەننا ئازادکرا

لە ماوەی حەفتەی رابردوودا فاتمە موسەننا، کە مانگی رێبەندانی ساڵی رابردوو هاوڕێ لەگەڵ هاوسەرەکەی دەستبەسەرکرابوو، بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.

بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، لەماوەی حەفتەی رابردوودا فاتمە موسەننا بە دانانی بارمتە لە بەندی ژنانی زیندانی ئێڤین ئازاد کرا.

فاتمە موسەننا هاوڕێ لەگەڵ هاوسەرەکەی بە تۆمەتی "بەڕێوەبردنی رێوڕەسمی سەرەخۆشی بۆ خزمەکانیان"، "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی" و "هاوفکری لەگەڵ حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران" لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر و لێپرسینەوەیان لێکرابوو.

ئەو دوو هاوڵاتییە سەرلەبەیانیی رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٠ی رێبەندانی ساڵی رابردوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و لەو کاتەوە تا ئێستا لە زیندان راگیراون.

لەو پەیوەندییەدا حەسەن سادقی هاوسەری فاتمە موسەننا، رۆژی ٢١ی رێبەندان بە دانانی بارمتە ئازادکرابوو.

سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ( ٢ حاڵەت)
ماڵپەڕی هێرانا (١حاڵەت )