ئاژانسی کوردپا: بە مەبەستی زیاتر لێک نزیک کردنەوەی نەتەوەکان، له‌ شاری "لۆس ئه‌نجلس"ی سه‌ر به‌ ویلایه‌تی كالیفۆرنیا له‌ ئه‌مه‌ریكا، شه‌وی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ لەشاری لۆس ئەنجلێس و لە ناوەندی پێڕاگەیشتنی گەوره‌ ساڵانی نەتەوەیی لە شاری لۆس ئه‌نجلس، کە یەکەمین بەرنامەی ناوەندەکە بۆ کورد تەرخان کرد، بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو میوانی بیانی و کورد، شەوی کوردستان رێکخرا.

بەڕێوەبەرانی ئەو شەوە، ئامانجی خۆیان بۆ رەخساندنی کەش و هەوای لەبار بۆ رێزگرتنی نەتەوە جۆراوجۆرەکانی بەشدار و چالاک لەو ناوەندەدا گەڕاندۆتەوە.

دوکتۆر سورەیا فەلاح، ژنە چالاکی مافی مرۆڤی کورد، سەبارەت بە جوغرافیا، مێژوو، کولتوور و شارستانییەتی کوردستان قسەی کرد.

دواتر سەبارەت بە زمان، ئایین، داب و نەریتی کوردی لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان و هەراوەها رەگاژۆی ئەو شارستانییەتە بۆ وڵاتانی جۆراوجۆر لە رۆژهەڵاتی ناوین، چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

لە رێوڕەسمەکەدا ژمارەیەکی بەرچاو هاووڵاتیی بیانی بەشداربوون و هەروەها شوێنی بەرێوەچوونی رێورەسمەکەش بە شتومەکی کولتووری و کەلەپووری کوردەواری ڕازابوویەوە.

ئەو رێوڕەسمە، كه‌لە کۆتایی مانگى رابردوودا بەڕێوەچوو، چەندین پارچە مۆسیقا و گۆرانیی کوردی و کۆمەڵێک تابلۆی ڕەشبەڵەکی کوردەواریش پێشکەش کران.