حەفتەی یەکەمی مانگی رێبەندانی ١٣٩٢ی هەتاوی

ئاژانسی کوردپا: راپۆرتی ئەم حەوتوویەی بەرموور دەپرژێتە سەر ١ حاڵەت پێشێلکردنی مافی ژنان لە کوردستان و ٢ حاڵەتی پێشێلکردنی مافی ژنان لە شوێنەکانی دیکەی ئێران .

"بەرموور" بە شێوەی دیاریکراو دەپرژێتە سەر بابەت و مەسەلەکانی ژنان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە ناوچەکانی دیکەی ئێران دەخرێنە پەراوێزەوە، بۆیە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا هەوڵ ئەدات بەپێی ئیمکان، گرینگی بە سەرجەم ناوچەکانی دیکەی ئێرانیش بدات.

راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور،١ حاڵەتی پێشێلکردنی مافی ژنان لە کوردستان کە بریتییە لە خۆکوژی ژنێکی خەڵکی شاری سنە و ٢ حاڵەت پێشێلکردنی مافی چالاکانی ژن لە شوێنەکانی دیکەی ئێراندا کە بریتین لە دەرکرانی حوکمی ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری بۆ هاوڵاتییەکی بەهایی و ئازادی شەبنەم مەددەزادە لە زیندان لە خۆ دەگرێت.

کوردستـــــــــــان

خۆکوژی ژنێک لە سنە

لە ماوەی رۆژانی رابردوودا ژنێکی دانیشتووی یەکێک لە گوندەکانی شاری سنە لە ریگای خۆسووتاندنەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە،رۆژی سێشەممە ٢٤ی بەفرانبار، ژنێکی لاوی خەڵکی گوندی "قورج"ی سەر بە شاری سنە بەهۆی کێشەی بنەماڵەییەوە هەوڵی خۆسووتاندنی داو لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

شوناسی ئەو ژنە کە خاوەن منداڵیش بووە بۆ سەرچاوەکانی هەواڵ روون نەبووەتەوە.

ئەو ژنە بەهۆی کێشە لەگەڵ هاوسەرەکەیەوە چۆتەوە بۆ ماڵی باوکی و دوای ئەوەی کە لەلایەن بنەماڵەکەیەوە پێداگری لەسەر ئەوە کراوە کە برواتەوە بۆ لای میردەکەی، ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە.

ئێــــــــــران

حوکمی ٥ ساڵ زیندانی بۆ هاوڵاتییەکی بەهایی

لە ماوەی رۆژانی رابردوودا یەکێک لە هاوڵاتییانی پەیڕەوی ئایینی بەهایی، کە دانیشتووی تاران بووە، لەلایەن یەکێک لە دادگاکانی ئەو شارەوە سزای ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری بۆ بڕایەوە.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، "تلووع گوڵکار" هاوڵاتیی بەهایی دانیشتووی تاران، لە لایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە بە تاوانی "پەیوەندی لەگەڵ زانکۆی مەجازی بەهاییەکان" بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.
ئەم حوکمە رۆژی ٢٤ی بەفرانبار بە پارێزەری ناوبراو راگەندراوە و تێیدا هاتووە، کە هەتا ٢٠ رۆژی دیکە دەتوانێ ناڕەزاەیەتی خۆی بە نیسبەت ئەو حوکمە بۆ دادگای پێداچوونەوە دەرببڕێت.

تلووع گوڵکار پێشتر و لە جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٠ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر و دواتر بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

شەبنەم مەددەزادە لە بەندیخانە ئازاد کرا

لە ماوەی حەفتەی رابردوودا، شەبنەم مەدەدزادە یەکێک لە بەندکراوانی بەندی ژنانی بەندیخانەی ئێڤین دوای تەواو بوونەی ماوەی حوکمەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرا.

شەبنەم مەدەدزادە دوای تەواو بوونەی ماوەی حوکمەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرا

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، شەبنەم مەدەدزادە کە لەلایەن دادگای شۆڕشی تارانەوە بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو، رۆژی سێ‌شەممە ١ی رێبەندان دوای تەواوبوونی ماوەی حوکمەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرا.

ئەو بەندکراوە سیاسیە لە ماوەی ئەو ٥ ساڵەدا لە مافی وەرگرتنی مەرەخەسی بێبەش بووەو تەنانەت ئیزنی چاوپێکەوتن لەگەڵ براکەشی(فەرزاد مەدەدزادە)، کە هەر لەو بەندیخانە دەستبەسەر کراوە، پێنەدراوە.

شەبنەم مەدەدزادە جێگری بەرپرسی شۆرای دەفتەری "تحکیم وحدت"ی تاران و ئەندامی ئەنجوومەنی ئیسلامیی زانکۆی "تربیت معلم کرج" بووە، کە لە ریکەوتی ١ی رەشەممەی ١٣٧٨ لەگەڵ براکەی دا لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر کران.

سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ( ١ حاڵەت)
ماڵپەڕی هێرانا (٢حاڵەت )