ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری مەریوان، کە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو، بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ هیوا هوژەبری کە هاوڕێ لەگەڵ برازایەکی خۆی بەناوی "کەژاڵ هوژەبری" لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، پاش زیاتر لە دوو مانگ دەستبەسەری، بە سپاردنی بارمتە و بە شێوەی کاتی لەزیندان ئازاد کرا.

هیوا هوژەبری، رێکەوتی ١٣ی خەزەڵوەر هاوڕێ لەگەڵ کەژاڵ هوژەبری لەپەیوەندی لەگەڵ پەروەندەی عەلی دانش هاوسەری کەژاڵ هوژەبری، دەستبەسەر کرا.
عەلی دانش چالاکی سیاسیی نیشتەجێی دەرەوەی وڵات، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە "هاوکاری کردنی دەزگا زانیارییەکانی وڵاتی ئیسڕاییل" تۆمەتبار کراوە.
دەگوترێت، کەژاڵ هوژەبری پاش زیاتر لە ٢٠ رۆژ دەستبەسەر کران هاوڕێ لەگەڵ سێ منداڵی خۆی لە ماڵەکەیدا خراوەتە ژێر چاوەدێرییەوە.
پێشتریش هاوسەری عەلی دانش لە مانگی رەشەممەی ساڵی ٩١ی هەتاویدا، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر و وێڕای لێپرسینەوە، داوایان لێكردبوو، کە لە هاوسەرەکەی جیا بێتەوە





