ئاژانسی كوردپا: كەیوان كەریمی دەرهێنەری كوردی خەڵكی شاری بانە و دانیشتووی تاران ماوەی زیاتر لەیەک حەفتەیە بێسەرو شوێنە و لەو ماوەیەدا هیچ پەیوەندییەکی بە بنەماڵەکەیەوە نەگرتووە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا و بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ماوەی ٨ رۆژە كەیوان كەریمی دەرهێنەری کورد و براوەی خەڵاتی فێستیڤاڵی قوتابیانی فیلمی "فیلۆفێست"ی سلۆڤینیا، لەرۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٤ی سەماوەزەوە هەتا ئێستا چارەنووسی ناڕوونە.

دەگوترێت کە ئەو دەرهێنەرە کوردە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لەتاران دەستبەسەر و رەوانەی زیندان "ئێڤین"‌ی تاران كرابێت، بەڵام هەتا ئێستا لەلایەن بنەماڵەی "کەریمی"یەوە هەواڵی دەستبەسەر کرانی کوڕەکەیان پشتڕاست نەکراوەتەوە.

كەیوان كەریمی دەرهێنەری کورد و برای سینەماکاری کۆچکردووی کورد تەها کەریمی

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە بنەماڵەی كەیوان كەریمی هیچ زانیارییەکیان لەسەر چارەنووسی کوڕەکەیان لەبەر دەستدا نییە و ئەمەش نیگەرانیی لای بنەماڵەی ئەو دەرهێنەرە کوردە دروست کردووە.

كەیوان كەریمی خاوەنی ژمارەیەک بەرهەمە و یەكێک لەبەرهەمەكانی بەناوی "سنووری شكاو" دوای بەشداریی لەفێستیڤاڵی قوتابیانی فیلمی "فیلۆفێست"ی سلۆڤینیا خلاتی باشترین فیلمی دیكیۆمێنتی لێژنەی ناوبژیوانی فێستیڤاڵەکەی پێ‌بەخشرابوو.

ئەو سینەماكارە كوردە لەدایكبووی شاری بانەیە و بڕوانامەی بەكالۆریۆسی راگەیاندن لەزانكۆی تاران بەدەست هێناوە.