ئاژانسی كوردپا: دوو هاووڵاتیی كوردی خەڵكی ئاواییەكی رەوانسەر، لەشاری هەمەدان بە هۆی گازگرتوویەوە گیانیان لەدەست دا.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رۆژی پێنجشەممە رێكەوتی ٢٨ی سەرماوەز كیانووش موزەفەری تەمەن ١٨ ساڵ و كوڕی فارس و رەمەزان موزەفەری تەمەن ٣٧ ساڵ بە هۆی گاز گرتوویەوە (پیكنیک) لەشاری هەمەدان گیانیان لەدەست داوە.
ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەی خەڵكی ئاوایی "خەراجیان"ی سەر بەشارستانی رەوانسەر بوون و بۆ كاسبی و هێنانی میوە روویان لەباكووری ئێران كردبوو.
كیانووش و رەمەزان موزەفەری بەهۆی سەرماوسۆڵەوە پیكنیكیان لەنێو ماشێنەكەیاندا (سایپا) هەڵكردبوو و لەئەنجامدا بەهۆی گازی کەربۆن co2 وە گیانیان لەدەست داوە.
هەر لەو پێوەندییەدا رێكەوتی ٢٥ سەرماوەزیش مامۆستایەكی ئاینییی بەناوی "محەممەد ئەمینی" تەمەن ٢٧ ساڵ و كوڕی ئەحمەد لە گوندی "خاو"ی سەربە شاری مەریوان بەهۆی گازگرتوویی گیانی لەدەست دابوو.
بەپێی ئاماری رێكخراوی "پزش قانوونی" ئوستانی كرماشان، لەماوەی ٨ مانگی ئەمساڵدا "خاكەلێوە هەتا خەزەڵوەر" ١٩ هاووڵاتیی لە ئوستانی کرماشان بەهۆی گازگرتووییەوە گیانیان لەدەست داوە.
سەرچاوەكە ئەوەشی خستۆتە روو ئەو رێژەیە بە نیسبەت ٨ مانگی وێچووی ساڵی ٩١ی هەتاوی، ١٠ حاڵەت چوونەسەرەوەی بەخۆیەوە بینیوە.





