ئاژانسی کوردپا: ژمارەی ٤ و ٥ی گۆڤاری هایا لەشاری مەریوان لە ٢٠٠ لاپەڕەدا چاپ کرا و کەوتە بەر دیدی خوێنەران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ژمارەی ٤ و ٥ی گۆڤاری هایا کۆمەڵێک وتار و شیعر و چیرۆک و لێکۆلینەوەی لەخۆ گرتووە و گۆڤارەکە لە دوو بەشی کوردی و فارسی پێکهاتووە.

ئەنوەر رەوشەنی، سەرنووسەری گۆڤاری هایا

"ئاوڕێک لە ناسنامەی زێڕینی مامۆستا شێخ حەمە مارف مەریوانی، شێعرێکی بڵاونەکراوەی تاهیر بەگی جاف، ئێمە و شوێنەوارەکانمان، رەخنە لە وتاری گۆرانی هەورامی و خوێندنەوەیەکی رووماڵیانە"...، ناوی چەند بابەتێکن کە لەبەشی کوردیی گۆڤارەکەدا گونجێندراون.

بەپێی پێناسەی گۆڤارەکە "هایا" گۆڤارێکی سەربەخۆی فەرهەنگییە، کە بە میتۆدی فێرکاری ـ لێکۆڵینەویی" دەر ئەچێت و ئازاد محەممەدی خاوەن ئمتیازی ئەو گۆڤارەیە و ئەرکی سەرنووسەرییەکەشی لەئەستۆی "ئەنوەر رەوشەنی"یە.

دەستەی نووسەرانی گۆڤارەکە رایانگەیاندووە کە فایلی ژمارەی داهاتووی گۆڤاری هایا بۆ ئەدەبی زارەکیی کوردی(ادبیات شفاهی کوردی) تەرخان دەکرێت.