ئاژانسی کوردپا: کچە قوتابییەکی شاری مەهاباد لەرکابەرییەکانی سیستمی پەرەپێدانی مێشک لەرێگای حیسابات و ژماردنەوە لە وڵاتی مالێزی پلەی سێیەمی لەئاستی جیهاندا بۆ خۆی مسۆگەر کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رکابەرییەکانی UCMASی مالێزی رێکەوتی ١٠ و ١١ سەرماوەز لە کوالالامپور بە بەشداریی ٥٤ وڵات بەڕێوە چوو.

پەریا محەممەدزادە کچە قوتابیی شاری مەهاباد لەرکابەرییەکانی " UCMAS"‌‌ی مالێزی پلەی سێیەمی لەئاستی جیهاندا بۆ خۆی مسۆگەر کرد

لەو پێوەندییەدا پەریا محەممەدزادە کچە قوتابیی شاری مەهاباد لە بەشی هەڵسەنگاندنی مێشک کە تایبەت بە حیسابات و ژماردن بوو، توانی پلەی سێیەمی جیهان بەدەست بێنێت.

" یو. سی. مس" سیستمێکی تایبەت بە پەرەپێدانی مێشکە و لەساڵی ١٩٩٣ی میلادییەوە لەلایەن دوکتور "دینو ونگ" لە وڵاتی مالێزی داڕێژراوە.

بەپێی بەرنامەکە ئەو کەسانەی کە لەو سیستمە کەڵک وەردەگرن پێویستە هەر دوو بەشی مێشکیان بەکار بێنن و تایبەتیشە بە منداڵان و مێرمنداڵانی تەمەن ٥ هەتا ١٥ ساڵ.

بەپێی وتەی شارەزایان، ئەو سیستمە باوەڕبەخۆبوون لە بەکارهێنەراندا زیاد دەکات و هەروەها یارمەتییان ئەدات کە ژمێریارێکی زۆر بە توانا بن.