ئاژانسی کوردپا: ئوستانەکانی ئیلام و کرماشان لە دوو رۆژی رابردوودا بە بەردەوامی بەرەوڕووی بوومەلەرزە بوونەتەوە و هاووڵاتیانی کورد بەهۆی بەردەوامیی ئەو بوومەلەرزانەوە، لەسەر شەقامەکان رۆژیان کردۆتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ لە بەرەبەیانیی رۆژی هەینی رێکەوتی ١ی سەرماوەز بەم لاوە، ناوچە سنوورییەکانی کرماشان و ئیلام لەگەڵ هەرێمی کوردستانی ئێراق، بەرەوڕووی چەندین حاڵەتی بوومەلەرزە بوونەتەوە و لەو ماوەیەدا زیاتر لە ١٠٠ حاڵەتی بوومەلەرزە لەو شارانەدا تۆمار کراوە.

گەورەترین بوومەلەرزە رۆژانی رابردوو بە گوژمی ٥ هەتا ٦ پلە بە پێوەری ریشتێر بووە کە لە شارەکانی قسەری شیرین، گیلانغەرب، ئەیوان، سەرپێڵ زەهاو و ئیلام هاتە ئاراوە و هاووڵاتییانی کورد لە دوو شەوی رابردوودا لەسەر شەقامەکان و پارک و شوێنە گشتییەکاندا ماونەتەوە.

بەپێی ئەو راپۆرتانەی کە بڵاو بوونەتەوە، ١٠ هاووڵاتی لە شاری گیلانغەرب بەهۆی قەرەباڵغی سەر شەقامەکانەوە خۆیان بە لەمپەر و قەراغی شەقامەکاندا کێشاوە و لەلایەن هێزەکانی فریاکەوتنەوە بۆ ناوەندە دەرمانییەکان راگویزراون.

دامەزراوەی ژێئۆفیزیکی زانکۆی تاران رایگەیاندووە کە ناوەندی ئەو بوومەلەرزەیە باشووری رۆژئاوای قەسری شیرین – باکووری شاری خانەقین و لە قوڵایی ١٠ کیلۆمیتریی ژێر زەویدا بووە.

لێپرسراوانی حکوومەتی و ناوەندەکانی بەرەوڕووبوونەوەی رووداوە چاوەڕوان نەکراوەکان لە ئوستانەکانی کرماشان و ئیلام باسیان لە رەوینەوەی مەترسییەکانی ئەو بوومەلەرزەیە کردووە و هاوکات ناوەندەکانی فریاکەوتن لە حاڵی ئامادە باشی دان.

بەهۆی ترس و دڵەڕاوکێی هاووڵاتییانەوە، رۆژی رابردوو قوتابخانە سەرەتاییەکانی ئیلام، قەسری شیرین و ئەیوان و گیلانغەرب داخراون.

دیواری قەڵای مێژوویی "قەڵا" لەشاری گیلانغەرب رووخاوە

هەروەها میدیا حکوومەتییەکان لە زاری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گشتیی میرات فەرهەنگیی ئوستانی کرماشانەوە بڵاویان کردۆتەوە: بەشێک لە دیواری قەڵای مێژوویی "قەڵا" لە شاری گیلانغەرب تێک رووخاوە و ئاسەوارناسان لە حاڵی بەراورد کردنی خەسارەکانی ئەو رووداوە دان.

مێژووی قەڵای کەونارا و پڕبایەخی "قەڵا" لە شاری گیلانغەرب، بۆ سەردەمی ئەشکانی و ساسانییەکان دەگەڕێتەوە.

وێنـە: بەهمەن زارعی