ئاژانسی كوردپا: كرێكارێكی كوردی خەڵكی شارستانی مەریوان بە هۆی رووداوی كارەوە گیانی لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رۆژی دووشەممە رێكەوتی ٢٧ی خەزەڵوەر عەلی دانش تەمەن ٥٠ ساڵ و دانیشتووی گەڕەکی چوارباخی مەریوان لەكاتی كار كردن لە پڕۆژەی گازكێشی ئاوایی "نێ‌"‌ی سەربەو شارە تووشی رووداوی كار بووە.

عەلی دانش كە خێزاندار و باوكی سێ‌منداڵ بووە، بە هۆی داڕووخانی کاناڵی لوولەی گازەوە کەوتووەتە ژێر گڵ و گیانی لەدەست داوە.

لەلایەكی دیكەوە رۆژی یەكشەممە رێكەوتی ٢٦ی خەزەڵوەریش كرێكارێكی خەڵكی ئاوایی "روار"‌ی سەر بە شارستانی سەوڵاوا بەناوی "ئەكرەو خالقی" تەمەن ٤٥ ساڵ و باوكی چوار منداڵ لەكاتی گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە لەناوچەی هەورامان تووشی رووداوی هاتووچۆ هاتبوو و گیانی لەدەست دا.

لەدرێژەی رەوتی مەرگی كرێكاراندا، رێكەوتی ١٩ی خەزەڵوەریش ٧ كرێكاری بەنداوی داریان كە خەڵكی گوندی ''ناو''ی سەربە شارستانی سەوڵاوا بوون، لە نزیك گوندی ''هەجیج''ی سەربە شارستانی پاوە تووشی رووداوی هاتوچۆ ببوون و گیانیان لە دەست دابوو.

بەوتەی چالاكانی كرێكاری، بەشێكی بەرچاو لەكرێكارانی كورد لەلایەن خاوەنكارەكانیانەوە بیمە ناكرێن و دوای گیان لەدەست دانیشیان بنەماڵەكانیان لەگەڵ كێشە و ئاریشە بەرەوڕوو دەبنەوە و بە ئەستەم دەتوانن ژیانی خۆیان بەڕێوە ببەن.