ئاژانسی کوردپا: لاوێکی کوردی خەڵکی جوانڕۆ خەڵاتی باشترین خوێندکاری رشتەی ددانپزیشکی لەوڵاتی سوید بەدەست هێنا.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، حەفتەی رابردوو پیشانگای نێودەوڵەتی سوید " Stockholmsm ssan" لاوێکی کوردی بەناوی "جوانڕۆ وەلەد بەیگی"ی وەکوو باشترین خوێندکاری رشتەی ددانپزیشکی دەستنیشان کرد و خەڵاتی پێبەخشی.

ئەو خوێندکارە کوردە توانیویەتی ئەو خەڵاتە لەنیوان ١٠٠ بەشدار بوو لە ٤ زانکۆی وڵاتی سوید، مسۆگەر بکات.
لەو پێوەندییەدا ماڵپەڕی رادیۆ سوید بڵاوی کردبۆوە، ئەو لاوە کوردە سەرکەوتنەکانی خۆی بۆ باوەڕە بەخۆبوون و هەوڵی بەردەوامی لەو بوارەدا، گەڕاندۆتەوە.
جوانڕۆ وەلەدبەیگی لە تەمەنی شەش ساڵییەوە لەشاری "یوتۆبوری"لە وڵاتی سوید نیشتەجێیە و کاتێک لەتەمەنی منداڵیدا بەمەبەستی چارەسەریی پزیشکی سەردانی دکتوری ددانی کردووە، ئۆگری ئەو زانستە بووە و لەو بوارەدا خوێندوویەتی.
ئەو خوێندکارە تەمەنی ٢٥ ساڵە و لەحاڵی حازردا لەرشتەی ددانپزیشکیدا سەرقاڵی خوێندنە.
بەپێی ئامارە نافەرمییەکان نزیک بە ١١٠ هەزارهاووڵاتیی ئێرانی لەوڵاتی سوید نیشتەجێن.





