ئاژانسی كوردپا: كۆمەڵە شێعری "بۆنی نامە" لەنووسینی مامۆستای كۆچكردوو شێركۆ بێكەس، لەلایەن وەرگێڕێكی کوردی خەڵکی شاری بۆكانەوە كراوەتە فارسی.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رەزا كەریم موجاور وەرگێڕ و ئەدیبی شاری بۆكان مامۆستا شێركۆی بە ئیمپراتۆری شێعری دونیا لەقەڵەم داوە و لەو باوەڕەش دایە کە پێویستە سەرجەم بەرهەمەكانی ئەو شاعیرە نەتەوەیە بكرێتە فارسی و زمانەكانی دیكە.

ئەو وەرگێڕە كوردە پێشتریش كتێبی "كۆشكی باڵەندە غەمگینەكان"لەنووسینی بەختیار عەلی وەرگێرابوویە سەر زمانی فارسی.
بێجگە لەو بەرهەمی "بۆنی نامە"، پێشتریش ٧ بەرهەمی دیكەی "شێرکۆ بێکەس" شاعیری كۆچكردووی کورد وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی فارسی.
نووسەر و وەرگێڕەكانی وەكوو عەلی ساڵحی، عەزیز ناسری، رەزا كەریم موجاور، محەممەد رەئووف مورادی، مەریوان هەڵەبجەیی و فەریاد شیری بەرهەمەكانی ئەو شاعیرە كوردەیان كردووە بەفارسی.
شێركۆ بێكەس كوڕی شاعیری ناوداری كورد فایەق بێكەسە و ساڵی ١٣١٩ی هەتاوی لە شاری سلێمانی لەدایک بووە و رۆژی یەكشەممە رێكەوتی١٣ی مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ ئەو شاعیرە نوێخوازە بەهۆی نەخۆشیی شیرپەنجە لەنەخۆشخانەی ستۆكهۆڵمی سوید ماڵاوایی لەژیان كرد.
ماۆستا شێركۆ بێكەس بەگشتیی خاوەنی ٣٥ بەرهەمی ئەدەبیە.





