ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی ناوچەی نەوسوود بە تەقەی هێـزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بریندار کرا.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی هەینی رێکەوتی ١٠ی خەزەڵوەر کۆڵبەرێکی کورد بەناوی " کامران کەریمی" تەمەن ٢٦ ساڵ، کوڕی محەممەد عەزیز و خەڵکی گوندی "نەروی"ی سەربە شاری نەوسوود لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە توندی بریندار بوو.
ئەو هاووڵاتییە کوردە بۆ چارەسەریی برینەکانی رەوانەی نەخۆشخانە کراوە و هەنووکە لەژێر چاوەدێریی پزیشکی دایە.
هاوکات لە ئەنجامی تەقەی ئەو هێزانەدا ٤ ئەسپی بارهەڵگری کاسبکارانیش بەکوشت چوون و بارەکانیشیان لەلایەن ئەو هێزانەوە زەوت کراوە.
بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە ماوەی ٤٠ رۆژی رابردوودا ٢ کۆڵبەری کورد بەتەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کوژراون و ٨ کۆڵبەری دیکەش بریندار کراون.





