ئاژانسی کوردپا: بە هۆی تەقینەوەی مین لە یەکێک لە گوندەکانی دەوروبەری شاری مەریوان، ٧ منداڵی تەمەن ٨ هەتا ١٠ ساڵ بریندار بوون.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ پاشنیوەڕۆی رۆژی هەینی رێکەوتی ٢٦ی رەزبەر ٧ منداڵی خەڵکی گوندی "نشکاش"ی سەربە شاری مەریوان کە تەمەنیان لەنێوان ٨ هەتا ١٠ ساڵدا بوو، بەهۆی مینی بەجێماوی کۆنەپایەگاکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، بەتوندی بریندار بوون و یەکێک لەو منداڵانەش بە ناوی " گەشین کەریمی" لاقێکی خۆی لەدەست داوە.
هەواڵنێری کوردپا لەشاری مەریوان ناوی ئەو ٦ منداڵەی دیکەی " خەبات کەریمی، سینا دژئاهەنگ، زانا پاو، بێهنووش زیادی موقەدەم، مەتین رەخش بەهار و ئاڵا رووبینا" راگەیاندووە.
هەنووکە "گەشین کەریمی" تەمەن ٨ ساڵ رەوانەی ناوەندە پزیشکییەکانی تاران کراوە و ئەو ٦ منداڵەی دیکەش لە نەخۆشخانەی "بووعەلی"ی شاری مەریوان لە ژێر چاودێریی پزیشکیدان.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، شوێنی رووداوەکە کۆنە پایەگایەکی سپای پاسداران بووە و دەوروبەری ئەو پایەگایەش پاش زیاتر لە ١٥ ساڵ چۆڵکران، هەتا ئێستا مینەکانی کۆ نەکراونەتەوە.
سەرچاوەکە باسی لەوەش کرد، ئەو حەوت منداڵەش بۆ کایە کردن چوونەتە نێو پایەگاکە و خەریکی خۆشارینەوە بوون.













