ئاژانسی كوردپا: بیست و چوارەمین فێستیڤاڵی شانۆی ئوستانی كوردستان بە خەڵات كردنی بەرهەم و شانۆكارە سەركەتووەكان دوای سێ‌رۆژ كاری بەردەوام كۆتایی بەكارەكانی هێنا.

٢٤ـەمین فێستیڤاڵی شانۆی ئوستانی كوردستان رێكەوتی ٢١‌ی رەزبەر بە بەشداریی ٩ گرووپی شانۆكار لەشارەكانی مەریوان، قوروە، بیجار، دیواندەڕە و سنە لە هۆڵی پەردیسی سینەما بەهمەن دەستی بەكارەكانی كرد.

لەو بارەیەوە ماڵپەڕی دەنگ و رەنگی سنە بڵاوی كردووەتەوە، لەو فێستیڤاڵەدا چەندین بەرهەم و شانۆی ئایینی، فەرهەنگی، مێژوویی، نەتەوەیی و كۆمەڵایەتی لەلایەن شانۆكارانی نوێخواز و لاوی كوردستانەوە نمایش كراوە.

لەو فێستیڤاڵەدا لە بەشەكانی دیزاین (تەراحی) جلوبەرگ پەریسا حوسێنی، "بروشوری نمایش" كەژاڵ عەزیزی و ئەرغەوان، بەشی ئەكتەر سەید حوسێن مووسەوی، زاهید زەندی، بێهزاد فەرمانی، ئەفشین خەدری و كاوان ساڵم خەڵات كراون.

هەر لەو پێوەندییەدا چەندین ئەكتەری ژنیش وەكوو لەیلا ئەمانی، زارا محەممەدی و سومەیە رەحیمی خەڵاتیان پێ‌بەخشراوە.

فەریدوون حامێدی، سەید یاسر هاشمزادە و ئەفشین خەدری سێ‌دەرهێنەری بواری شانۆ بوون كە توانیان خەڵاتی باشترینەكان بۆ خۆیان مسۆگەر بكەن.

وێنــــه: یه‌حیا سه‌مه‌دی