ئاژانسی كوردپا: " حەمەی نێرگز" هونەرمەندی دەنگ خۆش و گۆرانی بێژی كورد بە هۆی نەخۆشی لەشاری سلێمانی ماڵاوایی لەژیان كرد.
بەرپرسی ناوەندی موزیكی شاری سلێمانی لەلێدوانێكدا بۆ سایتی xendan ئەو هەواڵەی پشتڕاست كردۆتەوە و راشیگەیاندووە، ئەو هونەرمەندە كوردە بە هۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە سەر لەبەیانی ئەمرۆ دووشەممە رێكەوتی ١ی رەزبەر، گیانی لەدەست داوە.
محەممەد ساڵح ناسراو بە "حەمەی نێرگز" لەگەڕەكی كانێسكانی شاری سلێمانی لەدایك بووە و بە حوكمی ئەوەیكە باوكی نابینا بووە و ئەركی بەخێو كردن و پێگەیاندنی كاک محەممەد و خوشک و براكانی لەئەستۆی "نێرگز"ی دایكیان بووە، نازناوی حەمەی "نێرگز"یان پێداوە.
بڕیارە تەرمی "حەمەی نێرگز" لە سەر وەسیەتی خۆی لەگۆڕستانی سەیوان لەشاری سلێمانی ئەسپێردەی خاک بكرێت.





