ئاژانسی کوردپا: تالب نێعمەتپوور وەرزشکاری کوردی خەڵکی "کووهدەشت"ی سەربە ئوستانی لورستان و سامان تەهماسبی وەرزشکاری کوردی "خەڵکی شاری سنە، لە رکابەرییەکانی یاریی زۆران(کشتی)ی فەرەنگی کەلە وڵاتی مەجارستان بەڕێوەچوو، توانییان لە ئاستی جیهاندا پلەی یەکەم و دووەم بەدەست بێنن.
لەو یاریانەدا کە لەشاری "بووداپێست"ی وڵاتی مەجارستان بەڕێوەچوو، تیایدا تالب نێعمەتپوور بەرەوڕووی "سامان تەهماسبی" بوویەوە و بە ٥ خاڵ بەرامبەر بە ٣ خاڵ، توانی سامان تەهماسبی شکست بدات.
سامان تەهامسبی وەرزشکاری کورد، کە لەسەر لیستەی وڵاتی ئازەربایجان بەشداریی کردبوو، توانی بە سەر وەرزشکارێکی فەنلاندیدا سەر بکەوێ و بگاتە قۆناغی کۆتایی و دواتریش لەئەنجامی رووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ تالب نێعمەتپوور، پلەی دووەمی مسۆگەر بکات.

لەو یارییانەدا ٣٤ زۆرانباز لە کێشی ٨٤ کیلۆدا رکەبەرایەتیان کرد و تیایدا "تالب نێعمەتپوور" و "سامان تەهماسبی" دوو وەرزشکاری کورد پلەی یەکەم و دووەمیان بەدەست هێنا.
لەلایەکی دیکەوە "نیان شامحەممەدی" کچە تێکواندۆکارێکی سەقزی لە سێیەمین خولی یارییەکانی ئۆڵمپیادی فەرهەنگی ـ وەرزشیی کچە خوێندکارانی ئێراندا، پلەی یەکەمی بۆ خۆی مسۆگەر کرد.

ئەو کچە خوێندکارە و ئەندامی باشگای وەرزشیی ئۆڵمپیادی شاری سەقز هەتا ئێستا چەندین سەرکەوتنی لە ئاستی ئێران و ئوستانی کوردستاندا بەدەست هێناوە و هەروەها چەند رۆژ پێش ئێستا لە میانەی یارییەکانی سێیەمین ئۆڵمپیی فەرهەنگی وەرزشیی کە لەئاستی ئێراند ابەڕێوەچوو، مەدالیای زێـڕی بەدەست هێنا.





