حەفتەی چوارەمی مانگی خەرمانانی ١٣٩٢ی هەتاوی

ئاژانسی کوردپا: بەمەبەستی زیاتر زەق کردنەوە و تاوتوێ کردنی مەسەلە پەیوەندیدارکانی تایبەت بە ژنان، ئاژانسی کوردپا بەشێوی حەفتانە راپۆرتێک لەژێر ناوی "بەرموور" بڵاو دەکاتەوە.

ئامانجی سەرەکی لە بڵاوکردنەوەی ئەم راپۆرتە تایبەتییە، زەق کردنەوەی پێشلکارییەکانی دەرهەق بە ژنان و هەروەها گرینگی دان بە سەرجەم چالاکییەکانی ژنان کە لەلایەن ژنان و رێکخراوەکانی پەیوەندیدار بە ژنانەوە ئەنجام ئەدرێت.

بەهۆی بەربڵاوی و گرینگیی ئەم بابەتە و هەروەها نەبوونی دەنگدانەوە لە ناو میدیاکاندا، "بەرموور" بە شێوەی دیاریکراو دەپرژێتە سەر بابەت و مەسەلەکانی ژنان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە ناوچەکانی دیکەی ئێران دەخرێنە پەراوێزەوە، بۆیە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا هەوڵ ئەدات بەپێی ئیمکان، گرینگی بە سەرجەم ناوچەکان دیکەی ئێرانیش بدات.

راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور، ٣ حاڵەت پێشلکردنی مافی ژنان لە کوردستان و ١٤ حاڵەت پێشلکردنی مافی چالاکانی ژن کە بریتین لە راگواستنی دوو زیندانیی سیایس بۆ نەخۆشخانە، پێشگرن لە هەناردنی موتەهیرە بەهرامی بۆ مرەخەسی بە مەبەستی دەرمان، گەڕانەوەی بەهارە هیدایەت بۆ زیندان و پشتڕاستکرنەوەی حوکمی ١ ساڵ زیندانیی تەعزیریی مەعسوومە دێهقان و ئازادی ٩ چالاکی ژن لە زیندانی ئێڤین لە ئێران دا، لە خۆ دەگرێت.

کوردستـــــــــــان
خۆکوژیی ٣ ژن لە مەریوان و مەهاباد

بە بڵاو بوونەوەی هەواڵی خۆکوژی ژنێکی دوو گیان لە مەهاباد و هەروەها خۆکوژیی دوو ژن لە مەریوان، رێژەی ئەو ژنانەی کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە ناوچە کوردنشینەکانی ئیران دەستیان داوەتە خۆکوژی و گیانیان لە دەست داوە گەیشتە ٤٤ کەس.

بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٣ی خەرمانان ژنێک بەناوی "ناهید عەلی نژاد" خەڵکی شاری مەهاباد، لە ئەنجامی کێشەیەکی بنەماڵەییەدا کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

دەگوترێت کە ئەو ژنە دوو گیانە دانیشتووی گەڕەکی "باغی سیسە"ی شاری مەهاباد بووە کە بەهۆی کێشەیەکی خێزانییەوە خۆی هەڵواسیوە و لە ئەنجامدا بۆتە هۆی گیان لەدەست دانی.

لە لایەکی دیکەوە، لە ماوەی حەفتەی رابردوودا هەواڵی خۆکوژی دوو ژنی کورد لە مەریوان کە شووناسیان بۆ ناوەندەکانی هەواڵ روون نەبووەتەوە، بڵاو کرایەوە. هێندیک لە سەرچاوەکانی باس لەوە دەکەن ئەم دوو ژنە خۆیان نەکوشتووە بەڵکوو لەلایەن کەسووکاری خۆیانەوە کوژراون.

بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، لە ماوەی حەفتەی رابردوودا، ژنێكی تەمەن ٢٠ ساڵ، دایکی منداڵێک و خەڵكی ئاوایی تازاوای سەر بە شارستانی سەوڵاوا بە هۆی سووتانی لەرادە بەدەرە، گیانی لەدەست داوە.

بنەماڵەی ئەو ژنە هۆكاری سووتانی ٩٠% لەجەستەی ژنەكەیان گەڕاندبۆوە بۆ تەقینەوەی سەماوەر لەناو ماڵەكەی خۆیدا.

ئەمە لەحاڵێكدایە، كەسانی ئاگادار لەو رووداوە رایانگەیاندووە كە ئەو ژنە بە بەردەوامی لەگەڵ مێردەكەی كێشەی بنەماڵەییان هەبووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سووتانی ئەو ژنە تەمەن ٢٠ ساڵەیە لەئەنجامی تەقینەوەی سەماوەرەوە نەبووە، چونكە بەڵگەی پێویست بۆ سەلماندنی تەقینەوەی سەماوەرەکە لەبەر دەستدا نیە.

لە لایەکی دیکەوە، ماوەیەک لەمەوبەریش ژنێک لەشاری مەریوان دەستی دابوویە خۆكوژی و بە هەڵواسینی خۆی كۆتایی بە ژیانی هێنابوو.

هەر لەو پێوەندییەدا سەرچاوەیەكی ئاگادار دوای لێكۆلینەوەیەكی ورد بۆی دەركەوتبوو كە ئەو ژنە پێشتر خنكێندراوە و دواتر بۆ بەلارێدا بردنی بیرورای گشتیی هەڵواسرابوو.

هێڵکاری خوارەوە رێژەی ئەو ژنە کوردانەی کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە دەستیان داوەتە خۆکوژی و گیانیان لە دەست داوە، بە پێی باری خێزانی، نیشان دەدات.

ئێــــــــــــران

دۆخی زیندانیانی ژن لە زیندانەکانی ئێراندا

گواستنەوەی مەحبووبە کەرەمی و مەریەم شەفیع‌پوور بۆ نەخۆشخانە

مەعبووبە کەرەمی، چالاکی مافی مرۆڤ

لە ماوەی حەفتەی رابردوو دا مەعبووبە کەرەمی لە چالاکانی مافی مرۆڤ و مەریەم شەفیع‌پوور خوێندکاری بێبەشکراو لە خوێندن کە لە زیندانی ئێڤین دەستبەسەر کراوەن، دوای ئەوەی دۆخی جەستەییان رووی لە نالەباری نا بۆ نەخۆشخانە گوازرانەوە.

بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، حەفتەی رابردوو مەحبووبە کەرەمی دوای ئەوەی دۆخی جەستەیی نالەبار بوو بۆ بێهداریی زیندانی ئێڤین گوازرایەوە. تا ئێستاش لە دۆخی جەستەیی ئەو زیندانییە سیاسییە و هەروەها هۆی نالەباری جەستەیی ناوبراو هەواڵێک لە بەر دەست دا نییە.

مەحبووبە کەرەمی لە ١١ی رەشەممەی ١٣٨٨ دەستبەسەر و بە تاوانی ئەندامەتی لە " رێکخراوی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران" بە ٢ ساڵ زیندان و هەروەها بە تاوانی "پروپاگەندە دژی نیزام" و " پێکهێنانی کۆبوونەوەی نایاسایی بە دژی نیزام" بە ٢ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکوم کرا.

ناوبراو رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٧ خەرمانان بە شێوەی ئازادیی مەشرووت لە زیندان یازاد کرا.

مەریەم شەفیع‌پوور، چالاکی خوێندکاری

لە لایەکی دیکەوە، مەریەم شەفیع‌پوور، چالاکی خوێندکاری دەستبەسەرکراو دوای نالەباریی دۆخی جەستەیی بۆ نەخۆشخانە گوازراوەتەوە.

ناوبراو تووشی نەخۆشیی دەست و ئازاری ددان بووە.

هەروەها لە رۆژی دووشەممە ٢٥ی خەرمانانەوە هەر چەشنە چاوپێکەوتنێک لە گەڵ ئەم زیندانییە سیاسییە پێشی پێگیراوە.

مەریەم شەفیع‌پوور رۆژی ٥ی گەلاوێژ و دوای ئەوەی کە خۆی بە لقی ٢٠ی دادسەرای "شهید مقدس" ناساند، دەستبەسەر کرا.

ئەم خوێندکارە، ساڵی ١٣٨٩ بە هۆی چالاکییەکانی لە لایەن دادگای ئینقلابەوە بە ١ ساڵ زیندانی هەڵپسێردراو مەحکووم کرابوو.
داوای ٦٠٠ میلیۆن بارمتە لەپێناو دانی مەرەخەسی دەرمانی بە موتەهیرە بەهرامی

موتەهیرە بەهرامی، زیندانیی سیاسیی بەندی ژنانی ئێڤین

بەرپرسانی زیندانی ئێڤین، لە دانی مرەخەسیی دەرمانی بە موتەهیرە بەهرامی، زیندانیی سیاسیی بەندی ژنانی ئێڤین خۆیان بوردووە و داوای بارمتەی ٦٠٠ میلیۆن تمەن بارمتەیان کردووە.

موتەهیرە بەهرامی حەقیقی کە بە ٦٢ ساڵ تەمەنەوە بە تەمنترین زیندانی ژنی زیندانی ئەڤین دەناسرێت و هاوکات تووشی پشت ئێشە بووە، سەرەڕای ئەوەی پزیشکان رایانگەیانددوە کە دەبێ نەشتەرگەری بۆ بکرێت، بەڵام ناوبراو لەگەڵ دژایەتی دادسان بەرەوروو بووەتەوە و هەتا ئێستا ئیزنی پێ نەدراوە سەردانی نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان بکات.

هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە دوو مۆرەی پشتی ناوبراو تووشی سوان بوون بە چەشنێک بە تەواوەتی بووەتە هۆی ئەوەی کە نەتوانێ هاتووچۆ بکات.

بەرپرسانی زیندان لە حالێک دا داوای بارمتەی ٦٠٠ میلیۆنییان لە ناوبراو کردووە کە هاوسەر و کوڕەکەشی لە زیندانی ئێڤین دەستبەسەر کراون و حوکمی ئێعدامیان بۆ بڕاوەتەوە.

موتەهەرە بەهرامی کەلە رۆژی ٦ی بەفرەنباری ٨٨دا دەستبەسەر کرابوو،١٠ ساڵ زیندانی و دوورخرانەوە بۆ زیندانی رەجایی شاری کەرەج"ی بۆ برایەوە.

گەڕانەوەی بەهارە هیدایەت بۆ زیندان و پشتڕاست کرانەوەی حوکمی ١ ساڵ زیندنای بۆ مەعسوومە دێهقان

لە ماوەی رۆژانی رابردوودا حوکمی ١ ساڵ زیندانیی تەعزیری بۆ مەعسوومە دێهقان پشتراست کرایەوەو هاوکات بەهارە هیدایەت کە حەوتووی پێشوو رەوانەی مەرەخەسی کرابوو، گەڕایەوە بۆ زیندان.

مەعسوومە دێهقان هاوسەری عەبدولفەتاح سوڵتانی، پارێزەر و ئەندامی دامەزرێنەری "ناوەندی داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ"

بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، لقی ٥٤ی دادگای شۆڕشی تاران، حوکمی دادگای سەرەتایی مەعسوومە دێهقان کە بریتی بوو لە " ١ ساڵ حەبسی تەعزیری و ٥ ساڵ رێگیری کردن لە چوونە دەرەوەی وڵات" لە دادگای پیداچوونەوەدا پشتڕاست کرایەوە.

لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران، رێکەوتی ٨ی خەزەڵوەری ١٣٩٢ی هەتاوی ئەم حوکمەی بۆ مەعسوومە دێهقان هاوسەری عەبدولفەتاح سوڵتانی، پارێزەر و ئەندامی دامەزرێنەری "ناوەندی داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ" بڕیبوویەوە.
تاوانی مەعسوومە دێهقان، " بەشداری لە وەرگرتنی ماڵی ناڕەوا لە رێگەی وەرگرتنی خەڵاتی مافی مرۆڤ لە نورێنبرگ" راگەیەندراوە.

ئەم خەڵاتە ساڵی ٢٠٠٩ بەخشرایە عەبدولفەتاح سوڵتانی، ناوبراو کە ئیزنی چوونە دەرەوەی وڵاتی نەبوو، نەیتوانی سەردانی وڵاتی ئاڵمان بکات و خەڵاتەکەی وەربگرێت و هە ربۆیە هاوسەرەکەی بە نوێنەرایەتی ناوبراو لەو رێوڕەسمەدا کە لە نۆرێنبرگ بەڕێوە چوو بەشداری کرد و خەڵاتەکەی وەرگرت.

عەبدولفەتاح سوڵتانی یەکێک لە ئەندامانی لێژنەی بەڕێوەبەریی ناوەندی پارێزەرانی دادگوستەرییە، پێشتر بە ١٣ ساڵ زیندانی تەعلیقی و دوورخرانەوە بۆ زیندانی بۆرازجان و هەروەها ٢٠ ساڵ بێبەش کردن لە پارێزەری مەحکووم کرابوو.

بەهارە هیدایەت، چالاکی خوێندکاری و ئەندامی شۆرای ناوەندیی "دفتر تحکیم وحدت"

لە لایەکی دیکەوە، بەهارە هیدایەت، چالاکی خوێندکاری و ئەندامی شۆرای ناوەندیی "دفتر تحکیم وحدت" کە رۆژی پێنج‌شەممە ١٤ خەرمانان، رەوانەی مەرەخەسیی کرابوو، بە هۆی درێژ نەکرنەوەی ماوەی مەرەخەسییەکەیە، رۆژی پێنج شەممە ٢٨ی خەرمانان، خۆی زیندانی ئێڤین ناساندەوە.

بەهارە هیدایەت دوای هەڵبژارنەکانی ساڵی ١٣٨٨ دەستبەسەر و لە ١٩ رێبەندانی هەمان ساڵدا لە لایەن دادگاوە بە تاوانی "کۆبوونەوە و چالاکی بە دژی نیزام" بە ٥ ساڵ زیندان و بە تاوانی " بێ رێزی بە رێبەری"، "بێ رێزی بە سەرکۆماری" و " پروپاگەندە دژی نیزام" بە ساڵ زیندانی مەحکوم کرا.

هەروەها ناوبراو کە رێکەوتی ساڵی ٨٥ بە تاوانی بەشداری لە کۆبوونەوە لە ٢٢ی رێبەندانی ئەساڵەدا بە ٢ ساڵ زیندانیی هەڵپەسێردراو مەحکووم کرابوو، بە حوکەکەی زیاد کراو چووە قۆناغی جێبەجێ کردنەوە.

ناوبراو بە گشتی بە ١٥ حاڵەت تاوان بە ٩ ساڵ و ٦ مانگ زیندان مەحکووم کراوە و هەنووکە لە زیندانی ئێڤیندا ماوەی عوکمەکەی تێپەڕ دەکات.

٩ زیندانیی سیاسیی ژن لە زیندانی ئێڤین ئازاد کران

لە ماوەی حەفتەی رابردوو دا، ٩ کەس لە زیندانیانی ژنی بەندکراو لە بەندی ژنانی زیندانی ئێڤین بە ناوەکانی، نەسرین ستوودە، مەحبووبە کەرەمی، مەهسا ئەمرئابادی، مەریەم جەلیلی، میترا رەحمەتی، ژیلا کەرەمزادە مەکوەندی، کەفایەت مەلەک محەممەدی، فرەح وازحیان و سوغرا غولام‌نژاد بە شێوەی ئازادیی مەشرووت(مەرجدار) لە زیندان ئازاد کران.

نەسرین ستودە پارێزەر و چالاکی ژنان

نەسرین ستوودە پارێزەری زیندانی کراو و ئەندامی ناوەندی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، رۆژی چوارشەممە ٢٧ی خەرمانان لە زیندان ئازاد کرا.

هێشتا دەر نەکوەتووە کە ناوبراو بە شێوەی مەرجدار ئازاد بووە یان ماوەی حوکمەکەی پێ بەخشراوە.

نەسرین ستودە پارێزەر و چالاکی ژنان، لە خەرمانانی ساڵی ١٣٨٩ی هەتاویدا، لەلایەن لقی ٥٤ی دادگای پێداچوونەوەی ئوستانی تاران بەتاوانی تەبلیغات بەدژی نیزام بە ٦ ساڵ زیندانی تەعزیری و ١٠ ساڵ بێبەری بوون لە پیشەی پارێزەری مەحکووم کرا.

ناوبراو لە مانگی خەرمانانی ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوییەوە بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی خۆی بە زیندنای ئێڤین ناساندبوو.

مەحبووبە کەرەمی زیندانیی سیاسی بەندی ژنانی زیندانی ئێڤین

هەر لەو پەیوەندییەدا، مەحبووبە کەرەمی زیندانیی سیاسی بەندی ژنانی زیندانی ئێڤین کە تەنیا چەند مانگێک لەماوەی حوکمەکەی مابوو، بە شێوەی مەرجدار ئازاد کرا.

مەحبووبە کەرەمی کە ١١ی رەشەممەی ١٣٨٨ دەستبەسەر و بە تاوانی ئەندامەتی لە " رێکخراوی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران"دا بە ٢ ساڵ زیندانی و هەروەها بە تاوانی "پروپاگەندە دژی نیزام" و "کۆبوونەوەی نایاسایی بە مەبەستی خستنە مەترسیی تەناهیی وڵات" بە ٢ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکوم کرا.

مەهسا ئەمرئابادی رۆژنامەنووس و چالاکی بواری راگەیاندن لەهەمان رۆژداو بە شێوەی مەرجدار لە زیندانی ئێڤین ئازاد کرا.

مەهسا ئەمرئابادی رۆژنامەنووس و چالاکی بواری راگەیاندن

مەهسا ئەمرئابادی رێکەوتی ١٠ی رەشەمەی ١٣٨٩ بە تاوانی ناڕەزایەتی دەربڕین دژی زیندانی کرانی موسەوی و کەڕووبی دەستبەسەر و لە ٢٢ی جۆزەردانی ١٣٩٠دا، بە تاوانی "پـڕوپاگەندە بەدژی نیزام لە رێگەی ووتوێژ و راپۆرت"ـەوە، لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی ئیسلامییەوە بە ١ ساڵ زیندانیی تەعزیری و ٤ ساڵ زیندانییی هەڵپەسێراو مەحکوم کرا.

ناوبراو لە ٢٢ی بانەمەڕی ئەمساڵ بە مەبستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی، خۆی بە کاربەدەستانی زیندانی ئێڤین ناساندبوو.

لە لایەکی دیکەوە مەریەم جەلیلی و میترا زەحمەتی دوو هاووڵاتیی پەیڕەوەی دینی مەسیحی و بەندکراو لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین دوای تێپەڕاندنی زیاتر لە ٢ ساڵ لە ماوەی حوکمەکەیان، رۆژی چوارشەممە ٢٧ی خەرمانان بە شێوەی مەرجدار ئازاد کران.

مەریەم جەلیلی و میترا زەحمەتی دوو هاووڵاتیی پەیڕەوەی دینی مەسیحی و بەندکراو لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین

ئەم دوو هاووڵاتییە هاوینی ساڵی ١٣٩٠ لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوون و هەرکام بە ٢ ساڵ و نیو زیندانیی تەعزیری مەحکوم کرابوون.

مەریەم و میترا لەحاڵێکدا بە شێوەی مەرجدار ئازاد کراون کە تەنیا ٤٥ رۆژ لە ماوەی حوکمەکەیان مابوو.

ژیلا کەرەمزادە مەکوەندی ئەندامی دایکانی پارکی لالە یەکێکی دیکە لە زیندانیانی بەندکراو لە زیندانی ئێڤین بوو کە هاوکات لە گەڵ ٨ چالاکاە ژنە بە شێوەی مەرجدار ئازاد کرا.

ژیلا کەرەمزادە مەکوەندی ئەندامی دایکانی پارکی لالە

ژیلا کەرەم‌زادە مەکوەندی، ٦ی رێبەندانی ١٣٨٨ لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکان و لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر کرا. دواتر دادگای سەرەتایی حوکمی ٤ ساڵ زیندانیی تەعزیری بۆ ئەم ئەندامەی دایکانی پارکی لالە، بــڕییەوە.

هاوکات سێ کەس کە زیندانیانی بەندکراو لە بەندی ژنانی ئێڤین کە بە تۆمەتی لایەنگری لە "رێکخراوی موجاهیدینی خەلق" دەستبەسەر کرابوون هەر لەو رۆژەدا و بە شێوەی مەرجدار ئازاد کران.

کەفایەت مەلەک محەممەدی کە بە ٦١ ساڵ تەمەنەوە یەکێک لە بە تەمەنترین زیندانیانی سیایسی ژنی دەستبەسەر کراو لە زیندانی ئێڤین بوو، رۆژی چوارشەممە لە زیندان ئازاد کرا.

کەفایەت مەلەک محەممەدی

ناوبراو لە بەفرەنباری ١٣٨٧ و لە لایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تارانەوە بە بەرپرسایەتی قازی مۆقەیسە بە تاوانی " کۆبوونەوەی نائاسایی بە مەبەستی تێکدانی تەناهیی وڵات"، بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا. حوکمی ناوبراو لە دادگای پێداچوونەوە دا پشتڕاست کرایەوە.

ئەو ژنە چالاکە نزیک ماوەی ١ ساڵ لە حوکمەکەی پێ بەخشراو رۆژی چوارشەممە بە شێوەی مەرجدار لە زیندان ئازاد کرا.

لەوە پەیوەندییە دا فەرەح وازحیان کە دوای رووداوەکانی ئاشوورای ٨٨ لەگەڵ هاوسەر و کوڕەکەی دەستبەسەر و لە رێکەوتی ١٣ی گەلاوێژی هەمان ساڵدا بە تاوانی دژایەتی لە گەڵ خودا و بەشداری لە ناڕەزایەتییەکانی سەر شەقام و هەروەها پەیوەندی بە "رێکخراوی موجاهیدنی خەلق"وە بە ئێعدام مەحکوم کرابوو، کە بە شێوەی مەرجدار ئازادکرا.

فەرەح وازحیان

دوای پشتڕاست کرانەوەی حوکمی فەرەح لە دادگای پێداچوونەوەدا، دیوانی عەداڵەتی ئیداری حوکمەکەی بۆ ١٧ ساڵ زیندانیی تەعزیری کەم کردبووە.
ناوبراو کە خۆی تووشی چەندین نەخۆشی بووە، ماوەیەک بەر لە ئێستا بە مەبەستی پەرەستاری لە هاوسەرەکەی، کە ئەویش تووشی نەخۆشی بووە، مەرەخەسی پێدرابوو.

سوغرا غوڵام نەژاد، کە بە تاوانی پەیوەندی لەگەڵ " رێکخراوی موجاهیدنی خەلق" دەستبەسەر و بە ٢ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو بە شێوەی مەرجدار لە زیندان ئازاد کرا.

ئەمەش لە کاتێک دایە کە تەنیا چەند مانگ بە کۆتایی ماوەی مەحکوومییەتی ئەم زیندانییە سیاسییە مابوو.

سەرچاوەکان:
ئاژانسی کوردپا ( ٣ حاڵەت)
ماڵپەڕی هێرانا ( ٢ حاڵەت)
ماڵپەڕی کۆمیتەی هەواڵنێرانی مافەکانی مرۆڤ ( ٨ حاڵەت)
ماڵپەڕی ئێران خەبەر ( ١ حاڵەت)
ماڵپەڕی جەرەس ( ١ حاڵەت)
ماڵپەڕی "کلمە" ( ١ حاڵەت)
ماڵپەڕی چالاکانی تاراوگە ( ١ حاڵەت)