ئاژانسی کوردپا: ٣٥ کەس لە کرێکارانی بەنداوی "گاوشان"ی سەربە ناوچەی کامیاران بۆ ماوەی ٨ مانگە هیچ مووچەیەکیان پێ نەدراوە.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ ٣٥ کرێکاری کوردی خەڵکی ناوچەی کامیاران کە سەرجەمیان پێشینەی ٢٠ ساڵ کار کردنیان لە بەنداوی گاوشانی سەربەو شارە هەیە، ماوەی ٨ مانگە بە بێ مووچە لەو بەنداوە کار دەکەن.
بە وتەی کرێکارانی ئەو بەنداوە سەرجەم ئەو ٣٥ کرێکارە کوردە لەیاسای کاری ئێـران و خزمەتگوزارییەکانی تایبەت بە کرێکاران بێبەرین و تەنیا ١٥ کرێکاری لاوەکیی کە لەو بەنداوە کار دەکەن، لەژێر چەتری یاسای کار و خزمەتگوزارییەکانی تایبەت بە کرێکاران دان.
ماڵپەڕی کۆمیتەی هاوئاهەنگی رایگەیاندووە، ئەو کرێکارانە هەتا ئێستا چەندین جار سەردانی ئیدارەی کاری شاری کامیارانیان کردووە، بەڵام لەلایەن بەرپرسانی ئەو ئیدارەیەوە هیچ وەڵامێکیان پێ نەدراوەتەوە.





