ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی خەڵکی ناوچەی مەریوان لە کاتی راوە ماسیدا و بەهۆی کەوتنە نێو ئاوی گۆلی زرێبار و شارەزا نەبوون بە مەلە کردن، گیانی لەدەست دا.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی رابردوو رێکەوتی ٣١ی گەلاوێژ لاوێکی تەمەن ٢٣ ساڵ بەناوی " ئیدریس کوڕی مەحموود و خەڵکی گوندی "خاو"ی سەربە شاری مەریوان لە کاتی راوە ماسیدا و لە ئەنجامی کەوتنە نێو ئاوی گۆلی زرێبار تووشی خنکان بووە و پاش چەند کاتژمێر تەرمی ناوبرا دۆزراوەتەوە.
بەهۆی کەمتەرخەمیی هاووڵاتییان و هەروەها کەمیی ئیمکانات و نەبوونی مەلەوان و هێماکانی ئاگادار کەرەوە لە سەر "بەنداو، چۆم، زەریا و گۆل"ـەکان، ساڵانە دەیان هاووڵاتیی ئێرانی لە ئاوەکاندا دەخنکێن.
هەروەها رۆژی رابردوو پیاوێکی تەمەن ٥٠ ساڵەی خەڵکی ورمێ بەهۆی شارەزا نەبوون بە مەلە کردن، لە گۆلی ورمێدا خنکا و دواتر تەرمەکەی لەلایەن هاووڵاتییانەوە لە ئاو هێنرایە دەرەوە.
بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە ماوەی ٥ مانگی رابردوودا ٤٥ هاووڵاتیی کورد بەهۆی کەوتنە نێو ئاوی رووبار و بەنداوەکانی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران گیانیان لەدەست داوە.
ئەو ئامارە ریژەییە و بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە، کە دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو ریژەیەش زیاتر بێت.





