ئاژانسی کوردپا: لەماوەی رابردوودا، ٣ چالاکی خوێندکاریی کورد لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەیان لێکراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ٣ چالاکی خوێندکاریی کورد بەناوەکانی "هێمن خاکی" خەڵکی سەردەشت، "ئازاد عەزیزیان" خەڵکی مەریوان و "حوسێن حەیدەری" خەڵکی کرماشان کەلە زانکۆی تەورێز سەرقاڵی خوێندنن، لەلایەن حێراسەتی زانکۆوە بانگهێشت و بەرەوڕووی لێپرسینەوە بوونەتەوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو ٣ چالاکە خوێندکارییە چەندین جار لەلایەن بەرپرسانی حیراسەتی زانکۆی تەورێزەوە رەوانەی ئیدارەی ئیتلاعات کراون و بەرەوڕووی لێپرسینەوەو هەڕەشەی دەستبەسەر کرانی مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعات بوونەتەوە.

دەگوترێت کە بنەماڵەی ئەو ٣ چالاکە خوێندکارییەش لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا لەمەڕ چالاکیی رۆڵەکانیان لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەیان لێکراوە.

لەلایەکی دیکەوە ساڵانە دەیان چالاکی خوێندکاریی کورد بەهۆی فشاری دەزگا ئیتلاعاتی و ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە ناچاری زێدی خۆیان بەجێ دێڵن و روو لە دەرەوەی وڵات دەکەن.