ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بەمەبەستی هەرچی زیاتر ئاشکرا کردنی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران هەر حەفتە جارێک راپۆرتێک لە ژێر ناوی "روانگەی حەفتە" لەسەر پێشێلکاریی مافی مرۆڤ بڵاو دەکاتەوە.
لە راپۆرتی حەفتەی دووەمی مانگی پووشپەڕدا عاڵەتەکانی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران وەک ئێعدام، دەرکردنی حوکمی زیندان، بارودۆخی زیندانیانی سیاسی و بانگهێشت و دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییانی کورد دەخرێتەڕوو.
دوایین حاڵەتەکانی پەیوەندیدار بە حوکمی ئێعدام لە ناوچە کوردنشینەکان
بە ئێعدام کرانی ٤ هاووڵاتیی کورد لە زیندانەکانی کرماشان و ئەردەبیل، ئاماری ئێعدام کراوانی کورد لە ئێڕان لە ماوەی ١٠٠ رۆژی رابردوودا، گەیشتە ٢٤ کەس.

هەواڵدەرییە حکوومەتییەکانی ئێران بڵاویان کردەوە، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٧ی پووشپەڕ ٣ هاووڵاتیی بەبڕیاری دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، بە تاوانی ئەنجام دانی قەتڵ و بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە لە زیندانی دیزڵ ئابادی کرماشان لە سێدارە دران.
بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە سەرەتای ئەمساڵی هەتاوییەوە هەتا ئێستا ٢٤هاووڵاتیی کورد لە وڵاتی ئێران ئێعدام کراون.
هەروەها بەپێی ئامارێک کە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بڵاوی کردەوە، ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی ٥٦ هاووڵاتیی کورد لە زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا ئێعدام کران و ٢٣ هاووڵاتیی دیکەش لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە حوکمی ئێعدامیان بۆ بڕایەوە.
بەوتەی رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی زۆربەی ئەو ئێعدام کراوانە لە کاتێکدا لە مافی پاڕێزەر بێبەری بوون، چەندین مانگ لە ژوورە تاکەکەسییەکاندا راگیراون.
حوکمی دەرچووی دادگاکان بۆ هاووڵاتییانی کورد
لەسەرەتای ئەم مانگەوە هەتا ئێستا ٣ هاووڵاتیی کورد لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئیرانەوە بە زیندان مەحکووم کران.

رۆژی شەممە ریکەوتی ١٥ی پووشپەڕ لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری سنە حوکمی ١ ساڵ زیندانیی تەعزیری بۆ "خالید حوسێنی" بڕییەوە.
دادگای شاری سنە ئەو حوکمەی بەبێ ئامادەبوونی خۆی و بەتاوانی "تەبلیغات بەدژی نیتزام دەرکردووە.
خالید حوسێنی، چالاکی کرێکاری و ئەندامی کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ دامەزراندنی رێکخراوە کرێکارییەکانە.
لەم مانگەدا ٢ چالاکی دیکەی کرێکاریی کورد و ئەندامی کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ دامەزراندنی ریکخراوە کرێکارییەکان، بەناوەکانی "وەفا قادری بێهزاد فەرەجوڵڵاهی" لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری سنەوە هەرکام بە ١ ساڵ زیندنای تەعزیری مەحکووم کران.
دوایین بارودۆخی زیندنایانی سیاسیی کورد
زیندانییەکی سیاسیی کورد بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە پێڕانەگەیشتنی پزیشکی بە بارودۆخی تەندروستییەکەی، دەم و چاوی خۆی لە گەچ گرت

محەممەد ئەمین ئاگۆشی زیندانی سیاسیی کرد لە زیندانی ناوەندیی شاری زاهیدان ١٠ رۆژ پێش ئێستا بە ناەزایەتی دەربڕین بە پێڕانەگەیشتنی پزیشکی وهەروەها گوێ نەدان بە داواکارییەکەی سەبارەت بە ئازاد کرانی لە زیندان، دەستی دایە مانگرتن.
هەروەها ئەو زینداییە کوردە بە ناڕەزایەتی دەربڕین بە پێڕانەگەیشتنی پزیشکی کە چەند مانگ پێش ئێستا بەڵینیی چارەسەر کردنی نەخۆشییەکەیان پێ دابوو، دەم و چاوی خۆی لە گەچ گرت.
دەگوترێت هەنووکە بارودۆخی تەندروستیی ئەو زیندانییە کوردە بەهۆی مانگرتنەکەیەوە رووی لە خراپی کردووە و ناوبراو لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە بۆ قەرەنتینەی نێو زیندان راگوێزراوە.
محەممەد ئەمین ئاگوشی هاوری لەگەڵ ئیرەج محەممەدی و ئەحمەد پوولاد خانی خەڵکی پیرانشار بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هەروەها بەتاوانی هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران سالی ١٣٨٦ دەستەبسەر کرا.
بانگهێشت و دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییانی کورد
بەردەوامیی بانگهێشت و دەستبەسەر کردنی چالاکانی فەرهەنگی، سیاسی و مەدەنیی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێــران

رێکەوتی ١٥ی پووشپەڕ هێزە ئیتلاعاتییەکان حکوومەتی ئیسلامیی ئێران "سەمیم زارعی" هاووڵاتیی بەهایی دانیشتووی شاری سنەیان دەستبسەر کرد.
پێشتریش هاووڵاتییەکی بەهایی دانیشتووی شاری سنە بەناوی "سەما رەئووفی" لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبسەر و پاش ١ مانگ راگیران لە ژووری تاکەکەسیی ئیدارەی ئیتلاعات ئازاد کرا.
دەستبسەر کرانی ئەندامێکی پێشووی شۆرای شاری بۆکان
"شەهێن بایزدپوور" ئەندامی خوڵی دووەمی شۆرای شاری بۆکان و یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئەنجومەنی کەم ئەندامانی ئەو شارە، رۆژی دووشەممە رێکەتی ١٧ی پووشپەڕ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبسەر کرا.
هەر لەو پەیوەندییەدا و پاش هەڵبژاردنەکانی شۆرای شار و گوندەکان لە جۆزەردانی ئەمساڵدا، کۆمەڵێک لە پاڵێوراوانی شۆرای شاری بۆکان بەناوەکانی خوسرەو ساڵحی، یوسف ساڵحی، لوقمان سەعیدی، ئەسعەد جەمیانی، مەسعوود مەحموودی سابیر فەلەکی، سلءمان مام زەنبیلی، ژیان رۆستەمی، شۆڕس دێهبان، مەهدی خودایی، فەرهاد کامەلایی، عەبدوڵلا بەهرامی، سەید ئەحمەد حوسێنی، ئومید کوردە و عەبدوڵلا عەلایی" دوابەدوای ناڕەزایەتی دەربڕین بە ساختەکاریی هەڵبژاردنەکانی شۆرا، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە بانگهیشت و ەرەوڕووی هەڕەشەی دەستبەسەر کران و لێپرسینەوە بوونەوە.
دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییەکی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە

رۆژی ١٥ی مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ هاووڵتییەکی کورد بەناوی "قادر زارعی" تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی شاری سەردەشت لە ماڵی خەزوورەی خۆی لەلایەن یزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبسەر و بۆ ئیدارەی ئیتلاعات راگوێزرا.
دەگوترێت ئەو هاووڵاتیە کوردە پێشتر ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بووە.
بانگهێشتی چالاکێکی کڕیکاری بۆ دادگا

"حامید مەحموودی نژاد" لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری سنەوە ئاگادار کراوەتەوە کە رۆژانی ٢٢ی پووشپەڕ و ٢ی مانگی گەڵاوێژ خۆی بە لقی ١ی ئەو دادگایە بناسێنێت.
ناوبراو پێشتریش ٢ جار لەلایەن هیزە ئەمنیەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئیرانەوە بە تاوانی هەوڵدان دژی تەناهیی نیزام دەستبسەر و دواتر بە دانانی بارمتەی ٥٠ میلیۆن تمەنی لە زیندان ئازاد کرا.
بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا لەسەرەتای ئەمساڵوە هەتا ئێستا ٨٦ هاووڵاتیی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران دەستبەسەر و ٤٥ کەسی دیکەش بانگهیشتی ئیدارەی ئیتلاعات کراون.
دوایین قوربانیانی تەقینەوەی مینی بەجێماوی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و ئێراق

رۆژی هەینی رێکەوتی ١٤ی پووشپەر لە خالی سنووریی حاجی ئۆمەران لە پیرانشار هاووڵاتییکی نەغەدەیی بەناوی "بازید قەتەران" خەڵکی شاری نەغەدە لاقێکی خۆی لەدەست دا.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار ئەو هاووڵاتییە کوردە شۆفیری ترێلی بووە کە بەهۆی تەقینەوەی مینی بەجێماوی شەڕی ٨ ساڵەی نیوان ئێران و ئێراق لاقێکی خۆی لەدەست داو بۆ چارەسەریی برینەکانی رەوانەی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری هەولێــر کرا.
بەپێێ ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ١٧ هاووڵاتیی کوردلە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بەهۆی تەقینەوەی مینی بەجێماوی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و ئێراق و هەروەها کۆنە پایەگاکانی سپای پاسداران بوونەتە قوربانی کە لەکۆی ئەو رێژەیە ٥ کەسیان گیانیان لەدەست داوەو ١٢ کەسیش بریندار بوون.
سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا
هەواڵدەریی مافی مرۆڤی ئێران هێرانا
ماڵپەڕی پەیام
ماڵپەڕی کوردستان میدیا





