ئاژانسی کوردپا: "شنۆ رەحیمی" ژنە شاعیرێکی کوردی خەڵکی شاری مەریوان تەنیا بەهۆی ئەوە کە بڕیاری ژیانی هاوبەشی لەگەڵ کوردێکی نیشتەجی ئوروپا داوە، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بانگهێشت و بەرەوڕووی هەڕەشەی دەستبەسەر کران بوویەوە.

نیزام زەکەریایی نیشتەجێی وڵاتی سویس و دەزگیرانی "شنۆ رەحیمی" ژنە شاعیری خەڵکی مەریوان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند، ماوەی چوار مانگە هێزە ئیتلاعاتییەکان گوشاریان خستۆتە سەر دەزگیرانەکەم و هەر لەو پەیوەندییەدا چەند رۆژ پێش ئێستا کۆپی ناسنامەو پاسپۆرتەکەیان لێ ئەستادووە و رایانگەیاندووە کە نابێ لەگەڵ کەسێکی کافر ژیانی هاوبەش پێک بێنی.
زەکەریایی باسی لەوەش کرد کە چەند رۆژ پێش ئێستا دەزگیرانەکەمیان بانگهێشتی ئیلاعات کردووە و پێیان راگەیاندبوو کە دەبێ لە چوونە دەرەوەی وڵات خۆت ببوێری و تەنانەت ئەگەر هەوڵی خۆکوژیش بدەی " لای ئێمە هیچ بایەخێکی نییە".

ئەو چالاکە کوردەی نیشتەجێێ دەرەوەی وڵات راشیگەیاند، هێزە ئیتلاعاتییەکان هێڵی ئینتێرێتیان لە "شنۆ رەحیمی" پچڕاندووە و رایانگەیاندووە کە دەبێ کۆپی ئەو ئیمەلانەی کە لەگەڵ من لە پەیوەندی دابووە، رادەستی هێــزە ئیتلاعاتییەکانی بکات.
"شنۆ رەحیمی"، شاعیر و چالاکی ئەدەبیی و هەروەها مامۆستای یەکێک لە قوتابخانە سەرەتاییەکانی شاری مەریوانە کە ماوەی زیاتر لە ٤ مانگە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بەرەوڕووی فشار و هەڕەشە بۆتەوە.





