ئاژانسی کوردپا: ئاسەوارناسێکی کورد چەند وێنەی سەربەرد و بەردەنووسراوەی دەورانی بەر لە مێـژووی لە شاری "هەرسین"ی سەر بە ئوستانی کرماشان دۆزییەوە.

هەواڵدەریی " ئیسنا بڵاوی کردەوە، چەند رۆژ پێش ئێستا "موحسێن کەرەمی" یەکێک لە توێژەرانی ئاسەوارە دێرینەکان، بەڕێکەوت کۆمەڵێک وێنە و بەردەنووسراوەی بەنرخی لە شاری هەرسین دۆزیوەتەوە.

ئەو توێژەرە کوردەی خەڵکی کرماشان رایگەیاندووە، ئەو وێنەو بەردە نووسراوانە وەک هونەری "وێنایی" بە کۆنترین ئاسەوار و هونەری بەجێماوی مرۆڤ لە قەڵەم ئەدرێت کە بە دایکی هونەر، نووسین و زمان ئەژمار دەکرێن.

کەرەمی باسی لەوە شکردووە، ئەو ئاسەوارانە بەهۆی رووداوی سرووشتییەوە لە بەرەبەری لە ناوچووندا بوون و پێویستە لەلایەن ئاسەوارناسانی رێکخراوی میرات فەرهەنگییەوە پارێزگارییان لێ بکرێت.

ئەو بەردانە زیاتر وێنەی بزنە کێوی تیدا کێشراوەتەوە کە بە هێمای زاوزێ و پەرەگرتن لە قەڵەم ئەدرێن.