ئاژانسی کوردپا: ژنێکی تەمەن ٣٤ ساڵ لە ناوچەی "کۆماسی"ی شاری مەریوان بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە بەدەستی ٤ برای خۆی سەربڕدرا.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٣ی پووشپەڕ ژنێک بەناوی "سۆیبە قادری" خەڵکی "گوندی "شاییەر"ی سەربە ناوچەی "کۆماسی"، بەشێوەیەکی بێبەزەییانە لەلایەن ٤ برای خۆیەوە کوژرا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: هاوسەری ئەو ژنە و هەروەها ٤ براکەشی لەو پەیوەندییەدا دەستبەسەر کراون، بەلام خەڵکی ئەو ناوچەیە لەسەر ئەو باوەڕەن کە ئەو کەسانە لەهەمبەر خولقاندنی ئەو تاوانە بەرەوڕووی هیچ سزایەکی دادگا نابنەوە.
سۆیبە لەگەڵ کەسێکی خەڵکی گوندی " گوڵان" ژیانی هاوبەشی پێکهێنابوو و هەروەها دایکی ٣ منداڵیش بوو.
بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوندی ئماری ئاژانسی کوردپا، لەسەرەتای مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ٥ ژنی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بەدەستی کەسوکاری نزیکی خۆیان کوژراون و هەروەها ٢ ژن و کچێکی تەمەن ٣ ساڵ لە دەرەوەی ماڵدا بەدەستی کەسانی نەناسراو گیانیان لێ ئەستێندراوە.
ئەو ئامارە رێژەییەوە بە پشت بەستن بەئاماری ئاژانسی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە کە دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.





