حەفتەی چوارەمی مانگی جۆزەردانی ١٣٩٢ی هەتاوی
ئاژانسی کوردپا: بەمەبەستی زیاتر زەق کردنەوە و تاوتوێ کردنی مەسەلە پەیوەندیدارکانی تایبەت بە ژنان، ئاژانسی کوردپا بەشێوی حەفتانە راپۆرتێک لەژێر ناوی "بەرموور" بڵاو دەکاتەوە.

ئامانجی سەرەکی لە بڵاوکردنەوەی ئەم راپۆرتە تایبەتییە، زەق کردنەوەی پێشلکارییەکانی دەرهەق بە ژنان و هەروەها گرینگی دان بە سەرجەم چالاکییەکانی ژنان کە لەلایەن ژنان و رێکخراوەکانی پەیوەندیدار بە ژنانەوە ئەنجام ئەدرێت.

بەهۆی بەربڵاوی و گرینگیی ئەم بابەتە و هەروەها نەبوونی دەنگدانەوە لە ناو میدیاکاندا، "بەرموور" بە شێوەی دیاریکراو دەپرژێتە سەر بابەت و مەسەلەکانی ژنان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە ناوچەکانی دیکەی ئێران دەخرێنە پەراوێزەوە، بۆیە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا هەوڵ ئەدات بەپێی ئیمکان، گرینگی بە سەرجەم ناوچەکان دیکەی ئێرانیش بدات.

لە راپۆرتی ئەم حەفتەیەدا ، خۆکوژیی ٢ کچ لە مەریوان و بۆکان، کوژرانی ژنێک لە شنۆ، دەستبەسەر کرانی فاتمە زیایی چالاکی ژنان، دەستبەسەر کردنی یەکێک لە ژنە پالێوراوانی ئوستانی خوزستان و داوای پشتیوانیی ٢ زیندانی لە ناوەندە نیونەتەوەییەکان بۆ هەڵوەشانەوەی حوکمەکەیان لە خۆ دەگرێت.

کوردستـــــــــــــــــان

چوونە سەرێی ١٠٠%ی ئاماری خۆکوژیی ژنان لە کوردستان

لەماوەی رۆژانی رابردوودا بەخۆکوشتنی ٢ ژن لە مەریوان و بۆکان، ئاماری خۆکوژیی ژنان و کچانی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوە، گەیشتە ١٩ کەس.

رۆژی سێشەممە رێکەوتی ١٤ی جۆزەردان، ژنێک بەناوی "مێهری بەرجەستە" لە گوندی "برایم ئاوا"ی سەربە شاری بۆکان دەستی دایە خۆکوژی و گیانی لەدەست دا.

ئەو ژنە تەمەنی ١٩ ساڵ بووە کە بەهۆی کێشە کۆمەڵایەتییەوە کە لەگەڵ بنەماڵەی هاوسەرەکەی خۆی بوویەتی خۆی هەڵواسیوە و کۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە.

لەلایەکی دیکەوە رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٢ی جۆزەردان کچێکی تەمەن ٢٠ ساڵ بەناوی "سوودابە قادری" کچی "جەبار" و خەڵکی شاری مەریوان ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداو لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

هۆکاری خۆسووتاندنی ئەو کچە کوردەی خەڵکی شاری مەریوان کێشەی کۆمەڵایەتی راگەیەندراوە.

بەپێی ئامارێک کە لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا تۆمار کراوە، خۆکوژیی ژنانی کورد لە ٣ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بەبەرواورد لەگەڵ ماوەی هاوشێوەی ساڵی رابردوو ١٠٠% رووی لە زیادبوون کردووە.

لە ٣ مانگی یەکەمی ساڵی رابردوودا ١٩ ژن و کچی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران دەستان داوەتە خۆکوژی و کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوە.

ئەو ئامارە رێژەییە و بەپشت بەستن بە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە کە دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە سەرەتای مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ٧ ژن و کچی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بەهۆکاری جۆراوجۆر کوژراون کەلە کۆی ئەو رێژەیە ٤ کەسیان بەدەستی کەسوکاری نزیکی خۆیان گیانیان لێ ئێستێندراوە.

کوژرانی ژنێک بەدەستی هاوسەرەکەی خۆی لە شنــۆ

چەند رۆژ پێش ئێستا ژنێکی بەناوی "سۆنیا کەریمیان" کچی "کەریمی حاجی ئۆغز" لە گوندی گەلاز"ی سەربەناوچەی "دەشتەبێڵ"ی شنۆ بەدەستی هاوسەرەکەی خۆی بەناوی "عەلی" کوڕی ئەحمەد گیانی لێ ئەستێندرا.

دەگوترێت عەلی لە ئەنجامی کێشەیەکی بنەماڵەییدا، بە دار لە سەری ژنەکەی خۆی داوەو بەو هۆیەوە تووشی خوێن‌ڕێژیی مێشکی کردووەو پاش چەند رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە سەرئەنجام رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٢١ی جۆزەردان گیانی لەدەست دا.

ئێــــــــــــــــــــران

درێژەی رەوتی دەستبەسەر کردنی چالاکانی ژن لە ئێـــران

لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا "فاتمە زیایی" لە چالاکانی ژن و زیندانیانی سیاسیی دەیەی ٦٠ی هەتاوی، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.

ئەو ژنە چالاکە رۆژی شەممە رێکەوتی ١٨ی جۆزەردان لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆشوێنێکی نادیار راگوێزرا.

هێزە ئیتلاعاتییەکان وێڕای پشکنینی ماڵی ئەو چالاکە ژنە ، دەستیان بەسەر کۆمەلێک کەرسە و کەلوپەلی شەخسیی ناوبراویشدا گرتووە.

فاتمە زیایی کە تەمەنی ٥٤ ساڵە، بەهۆی چوونەسەرێی تەمەنییەوە تووشی نەخۆشیی ئێم ئێس بووە و بارودۆخی تەندروستیی نالەبارە.

ناوبراو لە نێوان ساڵەکانی ١٣٦٥ هەتا ١٣٩٠ سەرجەم بۆ ماوەی ٥ ساڵ لە زینداندا بووە.

لەلایەکی دیکەوە، رۆژی شەممە رێکەوتی ١٨ی جۆزەردان "سنا سالمی" ژنە پاڵێوراوی شۆرای شاری "فەلاحیە"ی سەربە ئوستانی خووزستان بەهۆی گوتاربێژی بە زمانی عەرەبی لە کۆڕێکی فەرهەنگی و شێعر خوێندنەوەدا لەلایەن هێـزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کرا.

دەگوترێت "سەنا سالمی" شۆرای شاری "فەلاحیە(شادگان)" پاش نێوبژیوانیی چەند کەسایەتیی ناسراوی ئەو شارە لە ئیدارەی ئیتلاعات و هەروەها دوای چەند کاتژمێر و ئەستاندنی بەڵێنیی نووسراوە سەبارەت بە دووپات نەکردنەوەی گوتاربێژی بە زمانی زگماکی، بە دانانی بارمتە ئازاد کراوە.

دوو زیندانی بۆ هەڵوەشانەوەی حوکمی بەردەباران کردنیان داوای یارمەتیی دەکەن

٢زیندانیی مەحکووم کراو بە بەردەباران لە زیندانی تەوریز، داوایان لە سەرجەم رێکخراوە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ کردووە پێش بە بەرێوەچوونی حوکمەکەیان بگرن.

دوو زیندانی بەناوەکانی "خەدیجە پوور محەممەد عەلیزادە" هاوڕی لەگەڵ هاوسەرەکەی خۆی بەناوی "رەزا جەماڵی" کە لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە حوکمی بەردە بارانیان بۆ براوەتەوە، خوازیاری هەڵوەشانەوەی حوکمەکەیان بوون.

خەدیجە پوور محەممەد عەلیزادە یەکێک لە چالاکانی ژن بووە و ماوەیەک پیش ءیستا بەرئەنجامی ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی، کۆرپەلەکەی لە بار چووبوو.

سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا
ماڵپەڕی کوردستان میدیا
ماڵپەڕی کوردستان و کورد
هەواڵدەریی هێرانا