حەفتەی سێیەمی مانگی جۆزەردانی ١٣٩٢ی هەتاوی
ئاژانسی کوردپا: بەمەبەستی زیاتر زەق کردنەوە و تاوتوێ کردنی مەسەلە پەیوەندیدارکانی تایبەت بە ژنان، ئاژانسی کوردپا بەشێوی حەفتانە راپۆرتێک لەژێر ناوی "بەرموور" بڵاو دەکاتەوە.
ئامانجی سەرەکی لە بڵاوکردنەوەی ئەم راپۆرتە تایبەتییە، زەق کردنەوەی پێشلکارییەکانی دەرهەق بە ژنان و هەروەها گرینگی دان بە سەرجەم چالاکییەکانی ژنان کە لەلایەن ژنان و رێکخراوەکانی پەیوەندیدار بە ژنانەوە ئەنجام ئەدرێت.
بەهۆی بەربڵاوی و گرینگیی ئەم بابەتە و هەروەها نەبوونی دەنگدانەوە لە ناو میدیاکاندا، "بەرموور" بە شێوەی دیاریکراو دەپرژێتە سەر بابەت و مەسەلەکانی ژنان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە ناوچەکانی دیکەی ئێران دەخرێنە پەراوێزەوە، بۆیە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا هەوڵ ئەدات بەپێی ئیمکان، گرینگی بە سەرجەم ناوچەکان دیکەی ئێرانیش بدات.
لە راپۆتی ئەم حەفتەیەدا خۆکوژیی ٢ ژنی کورد لە شاری سنە، بانگهێشتی ئازەر تاهیرئابادی ژنە رۆژنامەنووسی کوردی خەلکی شاری کەنگاوە، بانگهێشتی رەزا شەهابی و مریەم رەحمانی یەکێک لە چالاکنی دانیشتووی قەزوێن لە خۆ دەگرێت.
کوردستــــــــــان
خۆکوژیی ٢ ژنی کورد لە شاری سنە

دیاردەی خۆسووتاندن لە نێو ژنای کوردا رووی لە زیادبوون کردووەو کاریگەریی نگەتیڤی باڵی بەسەر کۆمەڵگەی کوردەواریدا کێشاوەو بەم هۆیەوە ئەو دیاردەیە لە کۆمەلگەدا وەک نەریت جێ کەوتووە و لەو پەیوەندییەشدا تەنانەت منداڵانی ژێر ١٠ سال تەمەنیش پەنا بەر خۆکوژی و خۆسووتاندن دەبەن.
لەماوەی رۆژانی شەممە و یەکشەممەی حەفتەی رابردوودا لە شاری سنە ٢ ژنی دەستیان دایە خۆکوژی و کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێنا.
رۆژی شەممە رێکەوتی ١١ی جۆزەردان ژنیک بەناوی "روفیە فەیزبەخش" لە گەڕەکی "سەعدی"ی شاری سنە هەوڵی خۆکوژی دا و لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.
هۆکاری خۆکوژیی ئەو ژنە هەژاری و دەستکورتی راگەیاندراوەو هەتا ئێستاش چۆنیەتیی و شێوەی خۆکوژیی ناوبراو نەزانراوە.
لەلایەکی دیکەوە، رۆژی یەکشممە رێکەوتی ١٢ی جۆزەردان ژنێکلی تەمەن ٢٤ ساڵ لە یەکێک لە گوندەکانی سەربە شاری سنە خۆی هەڵواسیوەو لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.
ئەو ژنە ٢ ساڵ پێش ئیستا بەرئەنجامی زەخت و فشاری بنەماڵەکەی لەگەڵ ئامۆزایەکی خۆی بەناوی "پ، ر " ژیانی هاوبەشی پێکهێنابوو کە بەو هۆیەوە دەستی دابوویە خۆکوژی.
بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە سەرەتای مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵەوە هەتا ئیستا ١٧ ژن و کچی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوە.
لە کۆی ئەو ریژەیە ١٠ کەسیان لە رێگەی خۆسووتاندەوە و ٤ کەسی دیکەش بەخۆهەڵواسین کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوە.
ئەو ئامارە رێژەییە و بەپشت بەستن بە ئاماری ئاژانسی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە کە دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.
بانگهێشتی سەرلە نوێی ئازەر تاهیرئابادی

ئازەر تاهیر ئابادی رۆژنامەنووس و هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵدەریی موکریان، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی١٤ی جۆزەردان لەلایەن ئیتلاعاتی سپای کرماشانەوە ئاگادار کراوەتەوە کە رۆژی پێنجشەممە خۆی بە ئیتلاعاتی سپای ئوستان بناسێنێت.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئازەر تاهیر ئابادی سەرلە بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە سەردانی ئەو ئیدارەیەی کردووە و هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لێپرسینەوەی لێ دەکرێت.
ئەو ژنە رۆژنامەنووسە پێشتریش لە رێکەوتی ٢٤ی بانەمەڕی ئەمساڵدا، لەلایەن ئیدارەی پۆلیسی ئەمنیەتی ئوستانی کرماشانەوە بانگهێشت و بۆ ماوەی نزیک بە ١٠ کاتژمێر لەلایەن مەئموورانی ئەو ئیدارەیەوە سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرکۆماری لە ئێران و هەروەها لەمەڕ بەشداری کردنی خۆی لەو هەڵبژاردنانەدا لێپرسینەوەی لێکرابوو.
"ئازەر تاهیرئابادی" هاوکاری حەفتەنامەی "غەرب" و ئاژانسی هەواڵدەریی موکریان" لە کۆتایی مانگی رەشەمەی ساڵی رابردووشدا، لەلایەن دەفتەری پەیگیریی وەزارەتی ئیتلاعاتی شاری تارانەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەی لێ کرابوو.
ئەو ئەندامەی "سرای اهل قلم"ی ئێران لە ١٠ی خەزەڵوەری هەمان ساڵدا، هاوڕێ لەگەڵ کۆمەڵێکی دیکە لە ئەندامانی ئەو ئەنجومەنە، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لە تاران دەستبەسەر کرابوو.
ئێـــــــــــــــران
بانگهێشتی ٢ چالاکی ژن لە تاران و قەزوێن

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاوکراونەتەوە، هاوسەری رەزا شەهابی ئەندامی زیندانی کراوی " هەئیەتی بەڕێوەبەریی سەندیکای کرێکارانی شیرکەتی واحید" کە لە ئێستادا لە زیندانی ئێڤین ماوەی ٦ ساڵ حوکمی زیندانییەکەی تیپەڕدەکات، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بانگهێشت کرا.
رۆژی شەممە ڕێکەوتی ١١ی جۆزەردان هێزە ئیتلاعاتییەکانی عکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا داوایان لە شیرین شەهابی کردبوو کە رۆژی دووشەممە ەخۆی بە دەفتەری بەدواداچوونی وەزارەتی ئیتلاعات بناسێنێت.
هەتا ئیستا هۆکاری بانگهێشت ئەو ژنە چالاکە رانەگەیەندراوە.
لەلایەکی دیکەوە رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٨ی جۆزەردان مریەم رەحمانی چالاکی مەدەنی و بەرپرسی کتێبخانەی "چشمە:ی شاری قەزوێن بۆ جارێکی دیکە بانگهێشتی دادگای ئینقلابی ئەو شارە کرایەوە.
بانگهێشتی مریەم رەحمانی بۆ دادگای ئینقلاب لە حالێک دایە کە ناوبراو ساڵی ١٣٩١ سەبارەت لەلایەن دادگای ئینقلابەوە سەبارەت بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە بەدژی نیزام" بی تاوان ناسرابوو.
ئەو ژنە چالاکە سەرماوەزی ساڵی رابردوو هاوڕێ لەگەڵ هاوسەرکەی خۆی بە تاوانی بەڕێوەبردنی کۆڕێک سەبارەت بە مێژووی ئێران دەسبەسەر کرابوو.
سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا
ماڵپەڕی چالاکانی مافی مرۆڤ لە تاراوگە
ماڵپەڕی "نێدای سەوزی ئازادی"
مالپەڕی ئاسۆی رۆژهەڵات





