حەفتەی دووەمی مانگی جۆزەردانی ١٣٩٢ی هەتاوی
ئاژانسی کوردپا: بەمەبەستی زیاتر زەق کردنەوە و تاوتوێ کردنی مەسەلە پەیوەندیدارکانی تایبەت بە ژنان، ئاژانسی کوردپا بەشێوی حەفتانە راپۆرتێک لەژێر ناوی "بەرموور" بڵاو دەکاتەوە.
ئامانجی سەرەکی لە بڵاوکردنەوەی ئەم راپۆرتە تایبەتییە، زەق کردنەوەی پێشلکارییەکانی دەرهەق بە ژنان و هەروەها گرینگی دان بە سەرجەم چالاکییەکانی ژنان کە لەلایەن ژنان و رێکخراوەکانی پەیوەندیدار بە ژنانەوە ئەنجام ئەدرێت.
بەهۆی بەربڵاوی و گرینگیی ئەم بابەتە و هەروەها نەبوونی دەنگدانەوە لە ناو میدیاکاندا، "بەرموور" بە شێوەی دیاریکراو دەپرژێتە سەر بابەت و مەسەلەکانی ژنان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە ناوچەکانی دیکەی ئێران دەخرێنە پەراوێزەوە، بۆیە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا هەوڵ ئەدات بەپێی ئیمکان، گرینگی بە سەرجەم ناوچەکان دیکەی ئێرانیش بدات.
کوردستان
خۆکوژیی ٢ کچی کورد لە شاری خۆی و دێلوڕان

بە خۆسووتاندنی کچێکی تەمەن ٢٣ ساڵ لە شاری خۆی و کچێکی دیکەی تەمەن ٢٠ ساڵ لە شاری "دێلوڕان"ی سەربە ئوستانی ئیلام، ئاماری خۆکوژیی ژنان لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران گەیشتە ١٥ کەس.
رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٨ی جۆزەردان کچێکی تەمەن ٢٣ ساڵ بەناوی "فاتمە نیسانی" بەهۆی بە شوودانی زۆرەملی، ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداو لەئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.
لەهەمان رۆژدا کچێکی دیکە بە ناسناوی "جادری" تەمەن ٢٠ ساڵ و دانیشتووی شاری دێلوڕان بەهۆی هەژاری و تووشبوون بە نەخۆشییەکی بێ عیلاج خۆی هەڵواسی و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
ئەو کچە هەتا قۆناخی دیپلۆم درێژەی بە خوێندن دابوو کە بەهۆی هەژاری و سەختیی باری گوزەران و هەروەها تووشبوون بە نەخۆشێیەکی بێ دەرمان، دەستی دابوویە خۆکوژی و گیانی لەدەست داوە.
بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە سەرەتای مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ١٥ ژن و کچی کورد بەهۆکاری جۆراوجۆر لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.
لە کۆی ئەو ریژەیە ١٠ کەس لە رێگەی خۆسووتاندنەوە و ٣ کەسیشیان بە خۆ هەڵواسین کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوە.
ئەو ئامارە رێژەییە و بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە کە دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.
کوشتنی بێبەزەییانەی کچێکی مێرمنداڵ لە شاری بۆکان

رۆژی هەینی رێکەوتی ٣ی جۆزەردان کچێک بەناوی "بەفرین مەعرووفی" لەسەر رێگەی شاری بۆکان بۆ گوندی کۆستە لەلایەن باوکی خۆیەوە کوژرا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو روووداوە راگەیاندووە: بەفرین لە ماشێنەکەی خۆیاندا لەگەڵ باوکی تووشی دەمەقاڵە هاتبوو و لە ئەنجامدا باوکی چەندین مستی لە دەم و چاوی کچەکەی دا و بەو هۆیەوە کچەکە خۆی لە ماشێنەکە فڕێ دابوو کە بە سووکی بریندار ببوو.
سەرچاوەکە ئاشکرای کردبوو، پاش ئەوەی بەفرین خۆی فڕی داوەتە خوارێ، باوکی ماشێنەکەی راگرتووە و بە پێلاقە کچەکەی خۆی کوشت و لە کاتێکدا گیانی لەدەست دابوو لەلایەن هاووڵاتییانەوە رەوانەی نەخۆشخانەی شاری بۆکان کرا.
باوکی بەفرین بەناوی "ح. م" لە لێکۆڵینەوەدا رایگەیاندووە، کچەکەی بەهۆی خۆ فڕێدان لە ماشینەکە گیانی لەدەست داوە.
ئەوش لە حاڵێکدا بووە کە بە وتەی ئەو سەرچاوەیە چەندین کەس لە هاووڵاتییان بینەری ئەو رووداوە بوون، هیچ کەس وەک شایەتحاڵ بۆ شایەتی دان بانگهێشتی ئیدارەی پۆلیس شاری بۆکان نەکراوە، ئەمەش تووڕەیی بەرینی هاووڵاتییانی شاری بۆکانی لێکەوتۆتەوە.
رۆژی شەممە رێکەوتی ٤ی جۆزەردان تەرمی بەفرین لەلایەن خەڵکی شاری بۆکانەوە ئەسپەردەی خاک کرا.
لەلایەکی دیکەوە، کەسانی نزیک لە بنەماڵەی ئەو قوربانییە رایاناگەیاندووە،کە باوکی بەفرین چەند رۆژ بەر لەو رووداوە، هاوسەرەکی خۆی واتە دایکی بەفرینی دابوویە بەر لێدان و هەتا ئێستاش ئاسەواری برینداری بە جەستەیەوە دیارە.
هەروەها لە حەفتەی رابردووشدا کچێک بەناوی "دیدار حوسێنی" کە ماوەی حەفتەیەک بوو ژیانی هاوبەشی پێکهێنابوو، پاش ئەوەی لەلایەن بنەماڵەی هاوسەرەکەیەوە بەرەوڕووی لێدان و توند و تیژی ببوویەوە، گیانی لەدەست دا.
ئەو کچە ماوەی حەفتەیەک بوو لەگەڵ کەسێک بەناوی "یوسف محەممەدی" خەڵکی شاری سەردەشت ژیانی هاوبەشی پێکهێنابوو، کە لەلایەن هاوسەر و بنەماڵەی هاوسەرەکەیەوە درابوویە بەر لێدان و لە ئەنجامدا ببووە هۆی گیان لەدەست دانی.
بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئیستا ٥ حاڵەت کوژرانی ژنان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران تۆمار کراوە کە ٣ حاڵەتیان بەدەستی کەسوکاری نزیکی خۆیان کوژراون.
ئێـــــــــــــران
بێبەری بوون لە مەرەخەسی و ئیمکناتی دەرمانی کێشەی ژنانی زیندانی

لە بەرەبەری هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری لە ئێران، فشار بۆسەر ژنانی زیندانی رووی لە زیادبوون کردووە و لەو پەیوەندییەدا بەرپرسانی زیندان بەبڕیاری ناوەندە ئەمنیەکان لە دانی مەرەخەسیی دەرمانی بە ژانی زیندانی کراو، خۆ دەبوێرن.
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاوبوونەتەوە، زەهرا مەنسووری ژنە زیندانیی سیاسیی بەندی "نسوان"ی زیندانی ئێڤین کە بەهۆی تووشبوون بە نەخۆشیی شێرپەنجەی مەمک مەرەخەسی پێ درابوو، لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە بۆ تێپەڕاندنی حوکمەکەی بانگهێشتی زیندان کرایەوە.
زەهرا مەنسووری لە کاتێکدا بانگهیشتی زیندان کراوەتەوە کە ناوبراو سەرقاڵی شیمی دەرمانیی نەخۆشییەکەی بووە و لە ئەگەری گەڕانەوەی بۆ زیندان بەرەەوڕووی مەترسیی مەرگ دەبێتەوە.
ئەو ژنە زیندانییە کە ٦٠ ساڵ تەمەنی هەیەو هەندێک جار "فێ"ی لێ دێت و بێ هۆش دەکەوێت لە رێبەندانی سالی ١٣٩١دا بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی مەرخەسی پێدرابوو.
ناوبارو بە تاوانی هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای تارانەوە بە ٥ ساڵ زیندنای تەعزیری مەحکووم کرا، دواتر ئەو حوکمە بەهۆی هەلوومەرجی تایبەتیی زەهرا مەنسووری بۆ ٢ ساڵ زیندنای تەعزیری و ٥ ساڵ زیندنای هەڵپەسێراو کەم کرایەوە.
لەلایەکی دیکەوە، "موتەهەرە بەهرامی حەقیقی" کە ٦٢ ساڵ تەمەنی هەیەو بە بەتەمەنترین زیندانی ژن لە زیندنای ئەوین دادەنرێت تووشی نەخۆشیی "دیسکی کەمەر" سوانی جومگە بووە و سەرەڕای بڕیاری پزیشک سەبارەت بە نەشتەرگەریی نەخۆشییە ناوبراو، دادستانی گشتیی تاران رێگری لە چارەسەریی نەخۆشییی ئە ژنە زیندانییە دەکات.
مەتەهەرە بەهرامی رێکەوتی ٦ی بەفرانباری ساڵی ١٣٨٨ لە ماڵی شەخسیی خۆیدا دەستبەسەر و بە ١٠ ساڵ زیندان و دوور خرانەوە بۆ زیندنای رەجایی شاری کەرەج مەحکووم کرا.
١٣٤ مانگ زیندان بۆ ٣ ژنی بەهایی لە مەشهەد

٣ هاووڵاتیی پەیڕەوی مەزهەبی بەهایی بەناوەکانی "نیکا خولووسی، نەوا خولووسی و مەهسا مەهدەوی بە ١٣٤ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کران.
ئەو ٣ هاوولاتییە بەهاییە ماوەیەک پێش ئێستا لەلایەن لقی ٣ی دادگای ئینقلابی شاری "مەشهەد"ـەوە بەتاوانی پڕوپاگەندە بۆ مەزهەبی بەهایی و تەبلیغ بەدژی تەناهیی نەتەوەیی و هەروەها ئەندامەتی لە پێکهاتە بەهاییەکاندا، سەرجەم بە ١٣٤ مانگ زیندانی تەعزیری حوکم دران.
بەپێی ئەو حوکمە نیکا خولوسی بە بە ٦ ساڵ، نەوا خولووسی بە ٤ ساڵ و نیو و هەروەها مەهسا مەهدەوی بە ٨ مانگ زیندنای تەعزیری مەحکووم کراون.
لەلایەکی دیکەوە لەماوەی رۆژانی رابردوودا، سپای ئیمام رەزا رێگرییان لە بەشداری کردنی نیکا و نەوا خولووسی لە پیشانگای "گوڵ و گیا"دا کرد.
ئەو پیشانگایە لە رۆژانی ٢٥ هەتا ٢٩ی بانەمەڕ لە پیشانگەی نیونەتەوەیی ساری مەشهەد بەڕیوەچوو.
سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەوالدەریی کوردپا
هەواڵدەریی مافی مرۆڤ - هێرانا





