ئاژانسی کوردپا: پیسبوونی ئاوی خواردنەوەی گوندەکانی دەورووبەری شاری سنە بەهۆی نابەرپرسیارەتیی لایەنە پەیوەندیدارەکان، راستەوخۆ هەڕەشە لە تەندروستیی هاووڵاتییانی کورد دەکات.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی کوردپا و بە وتەی یەکێک لە هاووڵاتییانی دانیشتووی گوندی "ئارێنان"، ٨ منداڵی خەڵکی ئەو گوندەی سەربە شاری سنە بەهۆی پیسبوونی ئاوی خواردنەوە تووشی نەخۆشی بوون و هەنووکە لە نەخۆشخانەی شاری سنە ژێر چاوەدێریی پزیشکی دان.
ئەو هاووڵاتییە بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: هاووڵاتییانی ئەو گوندانە بەهۆی بێ ئاوی و لە رووی ناچارییەوە لەو ئاوی چیاکانی ئارێز کەڵک وەردەگرن و ئەوەش لە حاڵێک دایە کە رۆژانە هاووڵاتییان مەڕ و ماڵاتی خۆیان لەسەر ئەو ئاوانە مۆڵ ئەدەن.
ئەو هاووڵاتییە ئەوەشی خستەڕوو، بڕیار بوو ئیدارەی ئاو و ئاوەڕۆی ئوستانی کوردستان بۆ نەورۆزی ساڵی ١٣٩٠ تەرحی کێشانی ئاوی لوولەکێشی بۆ گوندەکانی " ئارێنان، نەوەڕە، سۆفیان، کەڵەکان" کۆتایی پێ بهێنێت، بەڵام هەتا ئیستا سەرەڕای بەدواداچوونی هاووڵاتییان ئەو پرۆژەیە نەچۆتە قۆناخی جێبەجێ کردنەوە.





