ئاژانسی کوردپا: گەڕەکی "قڕگە" یەکێک لە کۆنترین گەرەکەکانی شاری جوانڕۆ کە لە شەقامی "سەعدی"ی ئەو شارە هەڵکەوتووە، بە هۆی کەمتەرخەمیی شۆرا و شارەوانیی ئەو شارەوە لە پەراوێزدا ماوەتەوە.

ماڵپەڕی جوانڕۆ لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، دانیشتوانی ئەو گەڕەکە بەهۆی بارودۆخی نالەباری کۆڵانەکانی ئەو گەڕەکە و پێرانەگەیشتنی شۆرا و شارەوانی بەو کێشە هەنووکەییە، رۆژانە بەرەوڕووی کێشە و گرفت دەبنەوە.

زۆربەی هاووڵاتییانی ئەو گەڕەکانە رایانگەیاندووە، بە مەبەستی چارەسەر کردنی کێشەی کۆڵانەکان چاندین جار سەردانی شارەوانی و شۆرای شاری جوانڕۆمان کردووە، بەڵام هیچ هەنگاوێک لە راستای چارەسەر کردنی ئەو کێشەیەدا هەڵنەگیراوە.

لەلایەکی دیکەوە بەهۆی خراپیی رێرەوی ئەو کۆڵانانەوە، چەندین منداڵ توشی شکانی جەستەیی بوونەتەوە و تەنانەت هاتوچۆی ماشینیش تێدا مومکین نییە، ئەمەش وەک یەکێکی دیکە لە گرفتەکانی ئەو هاووڵاتییانە دێتە ئەژمار.

شاری جوانڕۆ لە ئوستانی کوردنشینی کرماشان هەڵکەوتووە و بەپێی سەرژمێریی ساڵی ١٣٨٥ی هەتاوی، ٦٢ هەزار و ٢٥٩ کەس حەشیمەتی هەیە.