ئاژانسی کوردپا: ٤ هاووڵاتیی دیکەی کورد لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ بەبڕیاری دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ئێعدام کران.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند رۆژ پێش ئێستا ٤ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندەکانی دەوروبەری ورمێ کە ناوی کەسێکیان " بەکر فەریدی" کوڕی شاکر تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی گوندی " تێبەتان"ی ناوچەی تەرگەوەرێ ورمێ راگەیەندراوە، لە گرتووخانەی ناوەندیی ئەو شارە لە سێدارە دران.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: ئەو ٤ هاووڵاتییە کوردە لە کاتێکدا ئێعدام کراون، کە ماوەی ٤ ساڵ بوو لەو زیندانەدا راگیرابوون.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە ناوی ئەو ٣ کەسە ئێعدام کراوەی دیکە کە ٢ کەسیان برای یەکتر بوون و ئەو کەسەی دیکەشیان خەڵکی گوندی "لەڕنیکان"ی ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ بووە، نەزانراوە.

هەروەها رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٤ی بانەمەڕ کەسێکی دیکە بەناوی " نەزمی عەباس‌نژاد" تەمەن ٣٢ ساڵ، کوڕی محێ‌دین و خەڵکی گوندی " تێبەتان"ی ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ پاش ٤ ساڵ راگیران لە زیندان، لە زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ئێعدام کرا.

لەلایەکی و بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی ٥٦ هاووڵاتیی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بە تاوانی جۆراوجۆر ئێعدام کران و ٢١ هاووڵاتیی کورد لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە حوکمی ئیعدامیان بۆ بڕاوەتەوە کە ٩ کەسیان بەهۆی چالاکیی سیاسییەوە بە سێدارە مەحکووم کراون.