ئاژانسی کوردپا: ژنێکی کوردی خەڵکی شاری "سەرپێڵ زەهاو" لە دوومین جاری منداڵبوونیدا، بە سکێک بووە خاوەنی ٥ منداڵ.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەوالدەریی کوردپا، ژنێکی تەمەن ٣١ ساڵ و دانیشتووی گوندی "کوبیکی حەسەن"ی سەربە شاری سەرپێڵ زەهاو لە نەخۆشخانەی "شهدا"ی ئەو شارە بە سکێک ٢ کوڕ و ٣ کچی بووە.
"هووشەنگ بەهاری" یەکێک لە دوکتورانی ئەو نەخۆشخانەیە بە هەواڵدەریی "ئیرنا"ی راگەیاندووە، دوو منداڵ لەو پێنج منداڵە هەر کامەیان ١ کیلۆ و ٢٠٠ گرەم و منداڵێکی دیکەیان ١ کیلۆ و ٣٠٠ گرەم و هەروەها دوو منداڵەکەی دیکەشیان ١ کیلۆ و ١٠٠ گرەم کێشیان هەیە.
ئەو دوکتورە ئاماژەی بەوەشداوە، دوو منداڵیان بەهۆی کێشی کەم و ناکامڵی، بەمەبەستی چاوەدێری پزیشکی و دەرمان، رەوانەی نەخۆشخانەی شاری کرماشان کراون.
سەرپەرستی ناوەندی بێهداشت و دەرمانی شاری سەرپێڵ زەهاو رایگەیاندووە، ئەو ژنە ماوەی ٣١ حەفتە سکی بەو منداڵانە پڕ بووە و منداڵەکانیش زووتر لەپێ و مانگی خۆیان لە دایک بوون.
هاوکات باوکی ئەو منداڵانەش رایگەیاندووە، "خۆشحاڵم بەوەی کە بوومەتە باوکی ٥ منداڵی ساغ و سەلیم، بەڵام نیگەرانی دابین کردنی تێچوو و پێداویستتەکانیانم".





