ئاژانسی کوردپا: گۆرانییەکانی هونەرمەندی ناوداری کورد "حەسەن زیرەک" کە لەلایەن "قادر نەسیرینیا"(قادر زیرەک)وە پێداچوونەوەی بۆ کراوە ، لە قاڵبی کتێبێکدا چاپ و بڵاو کرایەوە.
ئەو کتێبە ٤٠٠ گۆرانی، ٦٢ مەقام بە زاراوەی سۆرانی، ٢ مەقام بە زاراوەی هەورامی، ١ حەیران، ٨ بەرهەمی فارسی و ٣ گۆرانی تورکی لە خۆ گرتووە و لەلایەن دەزگای "ئانا"وە لە شاری تاران، چاپ و بڵاو کراوەتەوە.
بەرهەمی "ناڵە شکێنە" بۆ جاری چوارەم لە پێداچوونەوەیەکی نوێدا چاپ و بڵاو کراوەتەوە و چەندین وێنەی دەگمەنی "حەسەن زیرەک"یشی لە خۆ گرتووە.
قادر نەسیری نیا بە ماڵپەڕی "سیروان"ی راگەیاندووە، حەسەن زیرەک گۆرانیی لوڕی "دایە دایە وەختە جەنگە"ی بەباڵای هونەرمەند "قەدەم خێر"ی گوتوۆتەوە و لە بەرهەمەنکانی خۆیدا نێوی ٦٢ گوند و هەروەها شارەکانی "تاران، بەغدا، رۆم، برلین، هەولێر، کرماشان، بۆکان، خوڕەماوا" و هەندێک لە ئاسەوارە کەوناراکانی کوردەواری، هێناوە.

حسەن زیرەک ساڵی ١٣٠٠ی هەتاوی لە گوندی "هەرمێلە"ی سەربە شاری بۆکان لە دایکبووە و لە بەر لێھاتووی بە زیرەک ناوی دەرکردووە و لە تەمەنی مێرمنداڵی و لاوەتیدا شاگرد شۆفیری، مسگەری و قاوەچییەتی و کردووە.
زیرەک لە هەرەتی لاوەتیدا کە شاگرد شۆفێری مینی بووس بووە تووشی رووداوێک بووە و بەوهۆیەوە ئاوارەی ئێراق بووە و لە شاری بەغدا گیرساوەتەوە.
ساڵی ١٣٣٢ بۆ یەکەم جار دەنگی لە رادیۆی کوردی بەغداد دەبیسترێ و بەم جۆرە مەیدانێکی باش بۆ خۆ نواندنی گۆرانیبێژی زیرەک پەیدا بووە و بەم شێوەیە لە ماوەی تەمەنیدا دەیان بەرهەمی گۆرانی و هونەری تۆمار کردووە.
هونەرمەندی گەورەی کورد حەسەن زیرەک ساڵی ١٣٥٠ی هەتاوی بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی شاری بۆکان ماڵئاوایی لە زێد و نێشتمانەکەی کرد و لە ئامێزی ناڵەشکێنە بە خاک سپێردرا.





