ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بەمەبەستی هەرچی زیاتر ئاشکرا کردنی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران هەر ٢ حەفتە جارێک راپۆرتێک لە ژێر ناوی "روانگەی حەفتە" لەسەر پێشێلکاریی مافی هاووڵاتیانی کورد بڵاو دەکاتەوە.

لە سەرەتای مانگی رەشەمەی ساڵی ١٣٩١ی هەتاویدا بە دەیان هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی کوردستان، لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران و کۆمەڵێک لەو دەستبەسەر کراوانە بە دانانی بارمتە ئازاد کران و هەتا ئێستاش لە چارەنووسی زۆربەی ئەو گیراوانە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

بەپێی راپۆرتی کەمپەینی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ لە ئێران، هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە شاری ورمێ دەیان هاووڵاتیی کورد و ئازەری لە مانگی رەشەمەدا دەستبەسەر کراون و دواتریش ماڵەکانیان لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە پشکێندراوە.

بەپێی هەواڵی هەمان سەرچاوە، ئەو هاووڵاتییانە بە تاوانی هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئیران دەستبەسەر و هەنووکە لە نێو زیندانەکانی شاری "ورمێ"دا راگیراون.

ئەو سەرچاوەیە شوناسی ئەو هاووڵاتییە کورد و ئازەرییانەی بێهرووز بروکانلوو کوڕی محەممەد، حەسەن ئەسەدی کوڕی بەکر، میرهادی مووسەوی هاووڵاتیی ئازەری، ئەمیر حوسێن بێهرووز کوڕی حەمید، ئەفشین میرزایی کوڕی حەمید، عەزیز دالای میلان، فەرزاد سڵامەت کوڕی فارێس، عەبدوسەلام بەهاوەر کوڕی سڵێمان و خوسرەو بەدوی، راگەیاندووە.

هەروەها لە ماوەی دوو حەفتەی رابردوودا ٢ برا بەناوەکانی "فارق و هەژار(فەرزاد) سامانی" کە لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی شاری مەهابادەوە دەستبەسەر کرابوون، بۆ زیندانی ناوەندیی شاری مەهاباد راگوێزران.

مەسعوود و خوسرەو کوردپوور ٢ برای دیکەی دەستبەسەر کراوی کورد بۆ گرتووخانەی ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ راگوێزران. هەروەها خدر رەسووڵ مروەت یەکێکی دیکە لە دەستبەسەر کراوانی کورد بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ راگوێزراوە.

لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو دەستبەسەر کراوانەدا بەرپرسانی ئەمنیەتیی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران هەتا ئێستا هیچ روونکردنەوەیەکیان بۆ میدیاکان و بنەماڵەی ئەو گیراوانە رانەگەیاندووە و رۆڵەکانیان لەماوەی دەستبەسەر بوونندا لە مافی پارێزەر بێبەری بوون.

لە درێژەی رەوتی دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییانی کورد، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی گوندی "گەلێن"ی سەربە ناوچەی ژاوەرۆی سنە بەناوی "ئێقباڵ رەحمەتی" تەمەن ٢١ ساڵ و کوڕی "عەبدوول" لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە بە ٦ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەوالدەریی کوردپا، هەتا ئێستا لەمەر هۆکاری دەستبەسەر کردن و تاوانی ئەو هاووڵاتییە کوردە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هەنووکە لە زیندانی "دیزڵ ئاباد"ی کرماشان ماوەی حوکمەکەی تێپەڕ دەکات.

لێکدانەوەی لایەنەکانی پێشێلکردنی مافی هاووڵاتیان لەم راپۆرتەدا:

بەندی ١ی ماددەی ٩ی پەیماننامەی نێونەتەوەیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان: هەموو کەسێک مافی ئازادی و ئەمنیەتی شەخسیی خۆی هەیە و ناتوانرێ هیچ کەسێک بەبێ هۆ و سەرەرۆیانە دەستبەسەر و مافەکانی لێ زەوت بکرێت.

ماددەی ٩٢ی کۆنڤانسیۆنی مافی زیندانیان: ئەو زیندانیانەی کە دادگایی نەکراون، دەبێ بە ئەملاولا بنەماڵەکەیان لە دەستبەسەر کران، رەوتی دادگایی و لە باردۆخی خۆیان ئاگادار بکەنەوە. هەروەها هەموو ئیمکاناتێکیان بۆ پەیوەندی گرتن چاوپێکەوتن بە بنەماڵە و نزیکان و بە چاوەدێری و بە لەبەر چاوگرتنی یاساکانی زیندانیان بۆ دابین بکرێت.

ماددەی ١٨٠ی ئاییننامەی ئیجرایی رێکخراوی زیندانەکان و بەرنامە پەروەردەییەکانی وڵات: سەرجەم حوکم دراوان و تاوانباران لە ژێر چاوەدێریی کامڵ و بەپێی یاساکانی ئەم ئایین نامەیە، ئیزنی پەیوەندی گرتنیان لەگەڵ بنەماڵەکانیان هەیە و ئەم پەیوەندییە لە رێگەی چاوپیککەوتن و نامەوە ئەنجام ئەدرێت.

چارەنووسی ناڕوونی شێرکۆ مەعارفی زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام

شێرکۆ مەعارفی

په‌روه‌نده‌ی شێرکۆ معارفی زیندانی سیاسیی کورد که‌حوکمی ئێعدامی بۆ بڕاوه‌ته‌وه‌، پاش ساڵێک له‌راوه‌ستانی جێبه‌جێکردنی حوکمه‌که‌‌ی هه‌تا ئێستا له‌کۆمیسیۆنی "عفوو بخشندگی"شاری سنه‌بەناڕوونی ماوه‌ته‌وه‌.

به‌پێی راپۆرتی که‌مپه‌ینی به‌رگری له‌زیندانیانی سیاسی و مه‌ده‌نی و به‌وه‌ته‌ی یه‌کێک له‌ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌ی شێرکۆ معارفی ، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که‌به‌رپرسان رایانگه‌یاندووه ‌که ‌حوکمی ئێعدامی شێرکۆ بۆ زیندانی کردن کەم کراوەتەوە، به‌ڵام ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێت هیچ چه‌شنه‌ ئاڵووگۆڕێک له‌په‌روه‌نده‌ی ناوبراودا پێک نەهاتووە و مه‌ترسی ئێعدامی له‌سه‌ره‌.

شێرکۆ له‌رۆژانی رابردوودا و به‌مه‌به‌ستی نیشان دانی ناڕه‌زایه‌تی به‌نیسبه‌ت ناڕوونیی دۆخی خۆی ده‌ستی داوه‌ته ‌مانگرتن و به‌نووسراوه‌ دادستان و به‌رپرسانی زیندانی ئاگادار کردۆته‌وه‌.

شێرکۆ معارفی له‌١٠ خه‌زه‌ڵوه‌ری ساڵی١٣٧٨ی هه‌تاوی و له‌لایه‌ن دادگای شۆڕشی شاری سه‌قزه‌وه‌به‌تاوانی هاوکاری له‌گه‌ڵ یه‌کێک له‌حیزبه‌کوردییه‌کانی ئۆپۆزیسیۆنی حکومه‌تی ئیسلامیی ئێران، سزای سێداره‌ی به‌سه‌ردا سه‌پێندرا.

خوێندکارێکی کوردی زانکۆی په‌یامی نووری ورمێ‌وڵاتی به‌جێ هێشت

به‌پێی راپۆرتی ئاژانسی هه‌والده‌ریی کوردپا، به‌رپرسانی حیراسه‌تی زانکۆی په‌یامی نووری ورمێ، هه‌ڕه‌شه‌یان له‌خوێندکارانی کوردی ئه‌و زانکۆیه‌کردووه‌که‌ئه‌گه‌ر هاوکاریی هێزه‌ئیتلاعاتییه‌کانی حکومه‌تی ئیسلامیی ئێران نه‌که‌ن به‌ره‌ورووی ده‌رکران و ده‌ستبه‌سه‌ر کران ده‌بنه‌وه‌.

به‌رپرسانی حیراسه‌تی زانکۆی په‌یامی نووری ورمێ هه‌تا ئێسته‌چه‌ندین خوێندکاری کوردی ئه‌م زانکۆیه‌یان به‌هاوکاری له‌گه‌ڵ حیزبه‌کوردییه‌کانی ئوپۆزیسیۆنی ئێران، تاوانبار کردووه‌.

ئه‌مه‌له‌حاڵێک دایه‌که‌خوێندکارانی کوردی ئه‌م زانکۆیه‌وێڕای ره‌تکرنه‌وه‌ی ئه‌م تاوانانه‌، ئه‌و کاره‌یان به‌پیلانی به‌رپرسانی زانکۆ به‌مه‌به‌ستی ئه‌منیه‌تی تر کردن و به‌رته‌سک کردنه‌وه‌ی چالاکیی خوێندکارانی کوردی زانکۆکانی کوردستان له‌قه‌ڵه‌م داوه‌.

گوشاری حیراسه‌تی زانکۆی په‌یامی نووری ورمێ‌هه‌تا ئێستها بووه‌ته‌هۆی ئه‌وه‌ی که‌چه‌ندین خوێندکاری کورد ده‌ست له‌خوێندن هه‌ڵبگرن که‌ده‌توانین ئاماژه‌ به‌ئومید عه‌بدی خوێندکاری رشته‌ی فیزیکی هه‌سته‌یی ئه‌م زانکۆیه‌بکه‌ین.

ئه‌م خوێندکاره‌کورده‌دواتر ناچار بوو وڵات به‌جێ بهێڵێت و ئێستا بە ناچاری رووی لە یەکێک لە وڵاتانی دراسێی وڵاتی ئێران کردووە.