ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ٨ کەس لە گیراوەکانی شاری "پاوە"یان بۆ زیندانی "دیزڵ‌ئاباد"ی کرماشان راگواستووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پاشنیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٧ی خاکەلێوە، ٨ کەس لە گیراوانی شاری پاوە بەناوەکانی "موعتەسەم شافیعی، محەممەد نیگاری، جیهانبەخش ئەحمەدی، قانێع حاتەمی، ئاراس حاتەمی، بابەک عەباسی، پێدرام قادریان و گۆران بەهرامی بۆ زیندانی دیزڵ ئاباد"ی کرماشان راگوێزراون.

کەسێکی نزیک لە بنەماڵەی یەکێک لەو گیراوانە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، سەرەڕای هەوڵی بنەماڵەی ئەو زیندانییانە بۆ دابین کردنی بارمتە و ئازادیی رۆڵەکانیان، هەتا ئێستا هیچ وەڵامێکیان لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری پاوە و ئیدارەی ئیتلاعاتەوە پێنەدراوەتەوە.

لە مانگی رەشەممەی ساڵی رابردوودا، ٢٢ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری پاوە دەستبەسەر کراون و هەتا ئێستا ٦ کەسیان بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کراون.

هەروەها لە چارەنووسی ٣ هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی مەهاباد بەناوەکانی "فارووق و فەرزاد سامانی" (برا) و "خدر رەسووڵ مروەت" کە ماوەی زیاتر لە ١ مانگ پێش ئێستا لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لەو شارە و بە هۆیەکی ناڕوون دەستبەسەر کراون، هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

لەلایەکی دیکەوە "مەسعوود و خوسرەو کوردپوور" ٢ رۆژنامەنووس و چالاکی مافی مرۆڤ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە مەبەستی لێکۆڵینەوە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ راگوێزراون.